حه‌سه‌ن جيهاد: حكومه‌تى داهاتووى عێراق له‌رزۆك ده‌بێت
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، (حه‌سه‌ن جيهاد) رايگه‌ياند، "هه‌ر حكومه‌تێك له عێراق دابمه‌زرێت، حكومه‌تێكى له‌رزۆك ده‌بێت" و گوتيشى: "ئه‌زموونى ديموكراتى له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى 1992 باشتر بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى ئه‌مجاره، ئه‌ويش به هۆى ئه‌و ساخته‌كارييه فراوانه‌ى له پرۆسه‌كه كراوه".
كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆيى هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق نيوه شه‌وى رابردوو، ئه‌نجامى فه‌رمى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى (12ى ئايار/ مايۆى 2018)ى راگه‌ياند و له هه‌رێمى كوردستان شه‌ش لايه‌ن دژى ئه‌و ئه‌نجامانه‌ن و تا ئێستا ئاماده نيين دانيان پێدا بنێن.
هه‌ريه‌ك له (بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئيسلامى، يه‌كگرتووى ئيسلامى، هاوپه‌يمانى ديموكراسى، بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى، حزبى شيوعى) رايانگه‌ياندووه، "ساخته‌كارى له ئه‌نجامى پرۆسه‌كه كراوه له به‌رژه‌وه‌ندى لايه‌نێكى ده‌سه‌ڵات و داواى دووباره كردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن".
لايه‌نه‌كان رووى ره‌خنه‌يان له يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستانه به پله‌ى يه‌كه‌م و ئه‌و حزبه به "هاك" كردنى سيستمى ئه‌ليكترۆنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها له كه‌ركووكيش، هه‌ريه‌ك له لايه‌نه عه‌ره‌بيى و توركمانييه‌كان، په‌نجه‌ى تۆمه‌تى ساخته‌كردنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن بۆ يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان درێژ ده‌كه‌ن.
يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، له چه‌ند روونكردنه‌وه و راگه‌يه‌ندراوێكدا ره‌تيكردووه‌ته‌وه هيچ ساخته‌كارييه‌كى له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام دابێت و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات، كه "هێشتا ده‌نگه‌كانى كه‌ميان كردووه".
له نوێترين هه‌ڵوێستيشدا، ئه‌مڕۆ له راگه‌يه‌ندراوێكدا مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان ره‌خنه‌ى له كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان گرتووه و به‌شێك له كۆميسيارانى به دژايه‌تى پارتى تۆمه‌تبار كردووه.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه:" هه‌ندێ له كۆمیساران بێ لایه‌ن نه‌بوون له كاركردنیاندا، به‌ڵكو ته‌واو وه‌كو نوێنه‌ری لایه‌نی سیاسیان ره‌فتاریان ده‌كرد و دژایه‌تی پارتیمانیان ده‌كرد. هه‌وڵیان ده‌دا ده‌نگی پارتی كه‌م بكه‌نه‌وه له كاتێكدا كه پارتیمان نوێنه‌ری نه‌بوو له كۆمسیۆنی باڵادا، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ژمارنه‌كردنی به ئه‌نقه‌ستی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی سندوقه‌كانی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كانی شنگال له سنوری پارێزگای دهۆك، كه به‌شی هه‌ره زۆریان خوشك و برایانی كوردی ئێزدی بوون كه له ئه‌نفالی داعش رزگار ببون و كاندیده‌كانیان بێ به‌ش كردن له ده‌نگی ده‌نگده‌رانیان، كه ئه‌مه‌ش جۆرێكه له ئه‌نفالی ده‌نگی ئێزدیه‌كان. ئه‌مانه و هه‌وڵه‌كانی دیكه‌ش به چری له‌و پێناوه ده‌دران كه پارتی له ئاستی پارێزگای نه‌ینه‌وا نه‌بێته لیستی ژماره یه‌كه‌م هه‌رچه‌نده له راستیدا لیستی یه‌كه‌مه، باشیش ده‌زانن كه پارتی به‌رگریكاری سه‌رسه‌ختی مافه‌كانی كوردانی ئێزدی به تایبه‌تی و گه‌لی كوردستانه به گشتی.".
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى پارتيدا ئه‌وه‌ش هاتبوو، كه "ده‌ریشكه‌وت كه كۆمسیۆن له ئه‌ركه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری ئه‌و ته‌زویره زۆره بكات كه رویداوه، ته‌نانه‌ت شپرزه‌یی به‌شێوازی راگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆتایشه‌وه دیاربوو".
سه‌باره‌ت به كۆى پرۆسه‌كه (حه‌سه‌ن جيهاد) گوتى: "به‌داخه‌وه له برى ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ديموكراسى گه‌شه بكات، ئه‌مجاره زۆر به خراپى ئه‌و پرۆسه‌يه ئه‌نجامدرا، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى ده‌چنه به‌غداش ره‌نگه له لايه‌ن نه‌ياره‌كانيانه‌وه به په‌رله‌مانتارى ساخته وه‌سفيان بكه‌ن و لاواز ده‌ربكه‌ون. ئه‌و ساخته‌كارييه فراوانه كاريگه‌رى زۆری له‌سه‌ر بێئومێدكردنی هاووڵاتيان هه‌یه".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى شه‌ش لايه‌نه‌كه كه ئاماده نین دان به ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بنێن، حه‌سه‌ن جيهاد گوتى: "ئه‌و ره‌وشه خۆمان درووستمان كرد، ده‌مانتوانى هه‌ڵبژاردن به بێ ساخته ئه‌نجامدرابا و كورد به په‌نجا شه‌ست كورسيش بچێته به‌غدا، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شى و نه‌ته‌وه‌ى جيا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، ژماره‌ى كورسييه‌كان كاريگه‌رى درووست ناكات. هۆكارى په‌رته‌وازه‌يى لايه‌نه ناوخۆييه‌كانيش پرسى ساخته‌كارييه، كه زۆر به ناشيرينى كرا و له داهاتووشدا به هه‌ڵبژاردنه ساخته‌كارييه‌كه ناوى ده‌هێنرێت".
ئه‌ندامى خولى دووه‌مى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له ميانى به‌شداريكردنى له گه‌شتى هه‌واڵه‌كانى (كوردستان24) روونيشيكرده‌وه، "پێويسته پرسيار بكه‌ين، چى بووه هۆى ئه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان به‌و ئه‌نجامانه رازى نه‌بن؟ هۆكاره‌كه‌ى ساخته‌كارييه و ده‌ركه‌وت هه‌ڵبژاردنى 1992 باشتر بوو له‌وه‌ى ئێستا و حه‌زكردن له ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه له ده‌سه‌ڵات هۆكارى سه‌ره‌كى كێشه‌كانه".
سه‌باره‌ت به پێشبينى بۆ حكومه‌تى داهاتووى عێراق، حه‌سه‌ن جيهاد گوتى: "حكومه‌تى عێراقى داهاتوو و دامه‌زراندنيى قورسه. له رابردوودا له مانگى ئازار هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا و له مانگى تشرينى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر سه‌رۆك كۆمار داواى پێكهێنانى حكومه‌تى كرد، له مانگى شوباتى ساڵى دواتر حكومه‌ت پێكهێنرا، ئه‌مه له كاتێكدايه ئه‌و كاته ليستى زۆرينه كه مالكى بوو، (90) كورسى هه‌بوو و پێويستى به ده‌نگى كه‌متر بوو، ئينجا ساڵێكى پێويست بوو، به‌ڵام له ئێستادا ده‌نگه‌كان به ئاسۆيى دابه‌ش بوون و لايه‌نه‌كان ده‌نگيان له يه‌ك نزيكه و هه‌ر حكومه‌تێكى ته‌وافقى بێت يان هاوبه‌شى و ته‌نانه‌ت زۆرينه‌ش بێت، حكومه‌تێكى له‌رزۆك ده‌بێت. چونكه هه‌ر لايه‌نێك بزانێت حكومه‌ت له ئاستى خواسته‌كانى نييه لێى دێته ده‌ره‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ى له يۆنان و ئيتاڵيا بينرا".
ئ.ر