ئینفۆگرافیك.. كوردستان 24 ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان ئاشكرا ده‌كات

هه‌موو ورده‌كارییه‌كان لێره‌ن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

كوردستان24 بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەی جیاواز، لە شاندی دانوستاندكاری پارتی و گۆڕان، گرنگترین خاڵەكانی رێككەوتنی نێوانیان دەخاتەڕوو.

بە گوێرەی زانیارییەکان بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكوومەت چوار وەزارەت و دەستەیەک و چەندین پۆستی دیکەی وەک بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و یاریدەدەرێكی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ كاروباری چاكسازی بەردەكەوێت، لەگەڵ جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش.

پارتی و گۆڕان جگە لە هەرێمی کوردستان، رێککەوتنیان لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا کردووە و، وادەیەکیشیان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان دیاریکردوووە.

 پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، واژوویان لەسەر رێككه‌وتنه‌كه‌ كرد، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەیەكەوە كاركردنی هەردوولا، لە چوار ساڵی داهاتوو لە هەولێر و بەغدا. به‌گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌، هەردوو لا لەسەر بەدەستهێنانی تەواوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان لە عێراق و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ چارەسەری دۆخی ناوچە كوردستانییەكان و بوودجە و مافەكانی پێشمەرگە و پێداگیریكردن لەسەر یاسای تایبەت بە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و دادگای فیدڕاڵی رێككەوتوون، ئەوەش لە سەقفێكی زەمەنی دیاریكراو و رێگریكردن لە هەر خۆدزینەوەیەكی بەغدا، لە چارەسەر كردنی ئەو پرسانە.

ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتوون ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كە خاڵیكی دیكەی رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان لە بارەی كەركووك و دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی هه‌رێمه‌، هەردوولا لەسەر گێڕانەوەی دۆخی كەركووك بۆ بەر لە هاتنی داعش و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر رێككەوتوون، ئەوەش لە ماوەیەكی دیاریكراودا. بڕیاریشیان داوە بە هاوبەشی كارێك بكه‌ن، كه‌ كه‌ركووك به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و هاوبه‌ش له‌ لایه‌ن پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت.

بەشێكی دیكەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و گۆڕان لە بارەی عێراق، رێككەوتنە لەسەر درووستكردنی دەستەیەكی تایبەت بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانەوەی تەواوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان. پێداگیریكردنی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرنسیپەكانی هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە، لەسەرجەم دامەزراوە فیدڕاڵییەكان.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێكی دیكە گەیشتوونەتە رێككەوتن، كە ئامانج لێیان كاراكردن و پێشخستنی زیاتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانە. لەو خاڵانەی كە هەردوولا لەسەری رێككەوتوون، پێداگیریكردنە لەسەر بە نیشتمانیكردنی سەرجەم دامەزراوەكان و دوورخستنەوەی دەستی حزبی لە دامەزراوە نیشتمانییەكان، پابەندبوونی تەواو بە كۆتایی هێنان بە پاشەكەوتی مووچە و دانانی هەژماری تایبەت بۆ سەرجەم مووچەخۆران بۆ گێڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان. جەختكردنەوە لەسەر حكومڕانییەكی چاك و پەیڕەوكردنی بنەماكانی شەفافییەت لە بەڕێوەبردن، كاركردنی بەردەوام بۆ ئەوەی حكوومەت ببێت بە حكوومەتی هاووڵاتی و لە خزمەتی هاووڵاتیان بێت. هەردوولاش رێككەوتوون لەسەر ئەوەی پێداچوونەوە بە لیستی فەرمانبەران بكرێت و چاكسازی لەو بوارەدا بكرێت.

پارتی و گۆڕان لەسەر ئەوەش رێككەوتوون كە سزادانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی و لە هەموو ناوچەكان بنبڕ بكرێت و دامەزراوەكان كاراتر بكرێنەوە و تەرشیق بكرێن بۆ خزمەتی زیاتری خەڵك. هەردوولا پێداگیربوون لەسەر پەیڕەوكردنی لامەركەزیەتی كارگێڕی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ یەكە كارگێڕییەكان.

خاڵێكی دیكەی رێككەوتنی هەردوولا، پابەندبوونیانە بە رێزگرتن لە ئازادییەكان و لە بەرچاوگرتنی جیاوازییەكان و پشتیوانیكردن لە دادگا و پابەندبوون بە بڕیارەكانی و پێدانی زانیاری دروست بە لایەنە پەیوەندیدارەكان و میدیا و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بە پێی یاسا.

هەر دوولا  كۆك بوونە لەسەر پێدانی دەرفەتی یەكسانی كاركردن و پێشكەوتن بە سەرجەم تاكەكان لە سەر بنەمای توانای و شارەزایی كەسەكان و رێگریكردن لە قۆڕخكاریی لە بازاڕ و پێدانی دەرفەتی یەكسان و پشتیوانی لە سەر كێبڕكێ و بەشداری هاووڵاتیان.

بەپێی رێككەوتنەكەیان هەردوولا ھاوڕان لەسەر ئەوەی پێداگیری و پشتیوانی تەواو لە یەكپارچەیی خاك و قەوارەیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەوڵ بۆ یەكخستنەوەی تەواوەتی و رێكخستنەوەی سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش بده‌ن. هەردوولاش رێككەوتوون حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستان لە شەڕ و ململانێی ناوخۆیی و هەرێمی و دابینكردنی ژیانێكی ئاسوودە و ئارام بۆ هاووڵاتییانی بكات.

لەبارەی پەرلەمانی كوردستان، هەردوولا لە سەر ئەوە رێككەوتن، كه‌ فراكیسیۆنەكانیان بە هاوبەشی و بە سازان كار بكەن لەسەر ئەو یاساییانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە و هەمواری پێویست و پێداچوونەوە بە یاساكان بكرێت، لەوانە: دەستووری هەرێمی كوردستان و یاساكانی سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنەكان. پارتی و گۆڕان لەسەر ئەوەش رێككەوتوون، رۆڵی چاودێریكردنی پەرلەمانی كوردستان لە سەرجەم كایەكانی حكوومەت و كۆمەڵگەدا كارا بكرێتەوە.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، پارتی و گۆڕان رێككەوتوون لە سەر كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، پێداچوونەوە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی و كاركردن بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە سازانی سەرجەم لایەنەكان.

لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانیش، هەردوولا لەسەر داڕشتنی بەرنامەیەكی وەزاری هاوبەش رێككەوتوون، كە كۆكراوەی خواستی لایەنە بەشداربووەكان بێت و وەڵامدەرەوەی خواستە هەنووكەییەكانی هاووڵاتییان بێت.

هەردوولا لە رێگەی نوێنەرەكانیانه‌وه‌ لە حكوومەت، كاری تەواو بكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی هەمەلاییەنە لە هەموو بوارەكانی سیاسی، یاسایی، كارگێریی و ئابووریی، بۆ چەسپاندنی زیاتری چاكسازیش هەر دوولا لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی باڵای تایبەت بە چاكسازیی رێككەوتوون.

H.B