"عەبادی بە دوو بەڵێنەوە دەگاتە سلێمانی"

لە سلێمانی بەشداری لە بانگەشەی لیستەكەی دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیاره‌ ئەمڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بە مەبەستی بانگه‌شه‌ی لیسته‌كه‌ی سەردانی سلێمانی بكات، وتەبێژی لیستەكەی عەبادی لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق دوو بەڵێنی باشی بۆ ھەرێمی كوردستان پێیە، ئاشكراشی دەكات، لەبەرنامەی دانییە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

ئیبراھیم رەشید، وتەبێژی نووسینگەی ھاوپەیمانی نەسری (نصر) سەر بە عەبادی لە سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ عەبادی وەكو سەرۆكی لیستی ھاوپەیمانی نەسر سەردانی سلێمانی دەكات و رێورەسمێكی تایبەت بە بانگەشەی ھاوپەیمانی نەسر بۆ ھەڵبژاردن لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت".

گوتیشی: "عەبادی لەو سەردانەییدا بۆ سلێمانی دوو بەڵێنی باشی پێیە بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە نازانین ئەو بەڵێنانە چین".

ئاشكراشی كرد: "لە سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی عەبادی لە بەرنامەی دانییە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام ئومێد دەكەین كۆببنەوە، رەنگیشە لە پێناو بەھێزكردنی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆببێتەوە".

سه‌ردانه‌كه‌ی عه‌بادی له‌ كاتێكدایه‌، ته‌نانه‌ت بۆ پێشوازیكردن له‌ ھێنانه‌وه‌ی ته‌رمی جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆككۆماری عێراق نه‌هاته‌ سلێمانی، به‌ڵام به‌گوته‌ی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یان، بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دێته‌ شاره‌كه‌.

له‌ رۆژی 14/4/2018ـه‌وه‌ له‌ عێراق هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ستیپێكردووه‌و بڕیاره‌ رۆژی 12/5/2018 هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت. لیستی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی، جگه‌ له‌ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش كاندیدیان بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ و ژماره‌یه‌ك كورد چوونه‌ته‌ ریزی لیسته‌كه‌ی عه‌بادییه‌.

ھ.م