گوتە پێچەوانەكانی ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر تۆمار كراوە

بێشكچی: خیانەتی بەشێك لە تاڵەبانییەکان کەرکووکی خستە ژێر داگیرکارییەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەر لە روودانی 16ی ئۆکتۆبەر بەشێك لە فەرماندەکانی یەکێتی باسیان لەوەدەکرد کە هێزەکانی پیشمەرگە بەجۆرێك بەهێزن کە حەشدی شەعبی ناتوانێت هێرشبکاتە سەر کەرکووك تەنانەت هەندێکیان دەیانگوت حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام دوای داگیرکردنی کەرکووك هەمان ئەو فەرماندانە باسیان لە نابەرابەری هێزەکان و نەبوونی چەك دەکرد.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، نووسەر و بیرمەند ئیسماعیل بێشکچی، دەڵێت: "ئەوەی کەرکووکی خستە ژێر داگیرکارییەوە خیانەتی بەشێك لە تاڵەبانییەکان بوو".

وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پێش 16 ئۆكتۆبەر لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 گوتی: "من وای نابینم حەشدی شەعبی ھێرش بكاتە سەر ھەرێمی كوردستان، چونكە حەشدی شەعبی ھێزێكی بێ دسپلین و ئەو ھێزە پەتێكی كورتە و كۆتایی دێت، ئێمە كەركووكمان بە خوێن گرتووە و بە خوێنیش دەیپارێزین".

چەند مانگێک دوای ئەوە خەنجەرێکی ژەهراوی بەر کورد کەوت و ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دوایی روویدا، دروست پێچەوانەی ئەوەبوو کە بەشێك لە سەرکردە و فەرماندەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بانگەشەیان بۆدەکرد، کەرکووك داگیرکرا و ، سەدان هەزار کەسیش دەربەدەربوون.

دوای داگیركردنی كەركووك وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، پێچەوانەی قسەكانی پێشتری دەڵێت: "من بە سەركردایەتی حزبەكەم گوتووە بایی نیو كاتژمێر شەڕ تەقەمەنیمان ھەیە و بە تەمای ئەو تەقەمەنییەی ئێمە نەبن شەڕی ئەو دەوڵەتە زلەمان پێ بكرێت".

ساڵێک بەسەر 16ی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێ، ئیسماعیل بێشکچی، ئەو پیاوەی هەموو ژیانی بۆ بەرگری لە کورد تەرخانکردووە لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت: "کاتێك لە 7ی حوزەیرانی 2017، بڕیاری ریفراندۆمدرا تورکیا و ئێران  و سوریا و عێراق، تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش دژی ئەو هەنگاوە وەستانەوە، ئەوان ویستیان بڵێن کورد مافی بڕیاردانی نییە لە چارەنووسی خۆی، بەڵام کورد ئەو ریفراندۆمەی ئەنجامدا، هەربۆیە ریفراندۆم هەنگاوێکی گرنگ بوو، ئەو دۆخەی لە کەرکووك هەیە دەرەنجامی خیانەتێکە کە رووبەڕووی کورد بووەتەوە، مەبەستمە بڵیم بەشێك لە تاڵەبانییەکان ئەو خیانەتەیان کرد".