چەند مەرزێك لە سنووری ھەڵەبجە بە فەرمی دەكرێن
K24 - ھەڵەبجە
مەرزە نافەرمییەكانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە دەكرێنە مەرزی فەرمی و قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتوونەتە رێككەوتن، بۆ ئەوەی ھەردوو مەرزی پشتە و شووشمێ بە شێوەیەكی فەرمی بكرێنەوە و لە رووی ئیداریی و یاسایی كارەكانیان لە قۆناخی كۆتاییدایە.
نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە بە كوردستان24 راگەیاند: "لە چوارچێوەی كارەكانی پارێزگا، چەند مەرزێكی نیمچە فەرمی لە سنوورەكە ھەن، پێویستە بكرێن بە مەرزی فەرمی، لەوانە مەرزی پشتە و شووشمێ، كە ئێستا كارەكانی بە فەرمیكردنیان لە قۆناخی كۆتایی دایە".
گوتیشی: "لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی كردنەوەی ئەو مەرزانە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆیان لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبووینەوە، ئەوانیش بەشێوەیەكی باش ھاتوونەتە پێشەوە بۆ كارەكان".
قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە روونیكردەوە: "بۆ كردنەوەی مەرزەكان نووسراوێك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق نێردراوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەڵامی ئەو نووسراوە بدرێتەوە ھەردوو مەرزی پشتە و شووشمێ بە فەرمی بە رووی بازرگان و ھاووڵاتیان دەكرێنەوە".