سكرتێرى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان گرێنتى به‌ په‌يامنێرى كوردستان24ده‌دا كه‌ پرسى كورد گرنگه‌ لايان

له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌وڵێكى زۆرم داوه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌نتۆنيۆ گۆتێريس، له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى په‌يامنێرى كوردستان24 سه‌باره‌ت به‌ ئه‌رك و به‌رپرسيارێتى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر كورد، رايگه‌ياند، ده‌توانم گرێنتيت پێ بده‌م ئه‌مه‌ بابه‌تێكى گرنگه‌ لاى ئێمه‌.

گۆتێريس له‌ وه‌ڵامى پرسيارى په‌يامنێرى كوردستان24 سه‌باره‌ت به‌ پرسى كورد له‌ سووريا گوتى: "باسى كوردانى سووريا ده‌كه‌يت، كه‌ چه‌ندين ساڵه‌ له‌ شه‌ڕدان، تا بۆم كرابێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سووريا نێوه‌ندگيرم كردووه‌، تا كێشه‌ى كوردانى سووريا چاره‌سه‌ر بێت".

سه‌باره‌ت به‌ به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى كورد و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ئاواره‌كانى دواى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر له‌ كه‌ركووك و خورماتوو، سكرتێرى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان گوتى: "له‌ عێراقيشدا هه‌وڵێكى زۆرم داوه‌ تا له‌يه‌ك نزيكبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێت له‌ پێناو عێراقێكى يه‌كگرتوودا، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى كورديشى تێدا پارێزراو بێت".

سه‌باره‌ت به‌ ئاواره‌كانى عه‌فرينيش، گۆتێريس گوتى: "له‌ باره‌ى عه‌فرينه‌وه‌ به‌ روونى رێكخراوه‌كانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان رۆڵيان بينيوه‌ و توانيويانه‌ بڕێكى زۆر هاوكارى بگه‌يه‌ننه‌ ئاواره‌كان و له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به‌رده‌وام كارده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى دڵنيا بين پێداويستييه‌كانى خه‌ڵكى عه‌فرين بايه‌خيان پێ بدرێت".

دووپاتيشيكرده‌وه‌، "بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌ندێك سنوور بۆ كاره‌كانى ئێمه‌ هه‌ن، به‌ڵام ده‌توانم گرێنتيت پێ بده‌م، ئه‌مه‌ بابه‌تێكى گرنگه‌ لاى ئێمه‌".