ھۆشداری لە بە فیڕۆچوونی دەنگی كورد دەدرێت

"زیاتر لە 400 ھەزار كارتی دەنگدان لە كەركووك دابەشكراوە"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

بەشداری کردنی کورد بە پێنج لیست و قەوارەی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق هاووڵاتییانی کەرکووکی نیگەرانکردووە و پێیانوایە کاریگەری راستەوخۆی  لەسەر دابەزینی رێژەی دەنگەکانی کورد دەبێت، جگە لەمەش ژمارەیەکی زۆری کارتی دەنگدان لە بنکەکاندا ماون و تا ئێستا هاووڵاتیان وەریان نەگرتووەتەوە، بەمەش مەترسی سووتانیان لێدەکرێت، ئەمە جگە لە هاتنی هەزاران خێزانی عەرەب بۆ شارەکە و ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی کورد بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەنگی کورد دەبێت لە کەرکووك.

ھاووڵاتییەكی كورد لە كەركووك نیگەرانی خۆی لە فرە لیستی كورد دەردەبڕێت و دەڵێت: "لە كەركووك پێنج قەوارەی كورد ھەر یەكە و بانگەشە بۆخۆی دەكات، زۆرباشتربوو بۆ كورد كە ھەمووی دەنگی بە یەك لیست بدایە، ئەو كات خەڵكی دەیانگوت بۆ كورد دەنگ دەدەم، پێشتر ھەشت كورد ھەشت كورسی لە پەرلەمانی عێراق ھەبوو، بەڵام بە رای من ئەمجارە لە چوار كورسی زیاتر ناھێنین، ھۆكارەكەشی لایەنە سیاسییەكانە لە كەركووك".

ھەر سەبارەت بەو پرسە عەبدولباست دەروێش شوانی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نووسینگه‌ی کەرکووکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "تا ئێستا لە كۆی 692 ھەزار و 311 كارتی دەنگدان زیاتر لە 400 ھەزار كارتمان دابەشكردووە، وەك كۆمسیۆن ئامادەكاری تەواومان بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەكان كردووە".

ھێنانی ژمارەیەك عەرەب بۆ كەركووك و بەشداری پێكردنیان لە ھەڵبژاردن یەكێكی دیكەیان لە مەترسییەكان، كە لە دوای داگیركردنی كەركووك رووبەرووی كورد بووەتەوە، جگە لە ئاوارەبوونی ھەزاران ھاووڵاتی كورد بۆ شارەكانی ھەرێمی كوردستان، كە كاریگەری ئەوتۆی لەسەر دەنگی كورد دەبێت.

ھ.م