جۆرەكانی ھەڵپەڕكێی كوردی لە رۆژھەڵاتی كوردستان بە زیندویی دەمێننەوە

بە بەشداری 13 گرووپ فێستیڤاڵی ھەڵپەڕكێی كوردی لە مەھاباد بەڕێوەچوو
kurdistan24.net

K24 - مەھاباد

فێستیڤاڵی ھەڵپەركێی رۆژھەڵاتی كوردستان لە شاری مەھاباد بەرێوەچوو، لەدوا رۆژی فێستیڤاڵەكەدا یەكەمەكان ھەڵبژێردران، گرووپی دوازدە سوارەی مەریوان پلەی یەكەمی بەدەستھێنا. 

قوتەبدین سادقی، مامۆستای شانۆ و ئەندامی دەستەی لیژنەی فێستیڤاڵەكە، بە كوردستان24 راگەیاند: "گرووپی ھەڵپەڕكێی 13 شار بەشداریان لە فێستیڤاڵەكەدا كردبوو، یەكێك بوو لە كارە ھونەرییە گرنگەكان، چونكە ھەڵپەڕكێ یەكێكە لە ھونەرە رەسەن و مێژووییەكانی كورد و 48 جۆرە ھەڵپەڕكێی سۆرانی و 67 جۆریش لە كرمانجی ھەیە، گرنگە كە جۆری ھەڵپەڕكێكان بخرێتە بەرچاوی جەماوەر لەپێناو بە زیندوو ھێشتنەوەی ھەڵپەڕكێ وەك ھونەری كوردی".

سیروان خزرپوور، دەرھێنەرو ئەكتەری شانۆ یەكێكی دیكە بوو لە بەشداربووانی فێستیڤاڵی ھەڵپەڕكێی رۆژھەڵات ئەو دەڵێت: "ئەو فێستیڤاڵە بۆ یەكەمجارە بەشێوەیەكی زۆرباش بەڕێوەچوو، ھەرچەندە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵ ئەزموونیان لە فێستیڤاڵێك لەمشێوەیە گەورە نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیان زۆر بە باشی بەڕێوەی ببەن".

گوتیشی: "وەك رەخنە دەتوانم بڵێم، بەشێك لە گرووپەكان نەیانتوانی ئەو شێوە ھەڵپەڕكێیە وەك خۆی نیشانی ئامادەبووان بدەن، چونكە ھەندێك ھەڵپەڕكێ تایبەتمەندی خۆی ھەیە".

 

ئەگەرچی یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران رێگەی بەشداری ژنانی نەدا و بۆشایی گەورەی فێستیڤاڵەكە نەبوونی رەشبەڵەك بوو، بەڵام ژنان لەھۆڵەكاندا بەشدارییەكی بەرچاویان ھەبوو.

 لەكۆتاییدا یەكەمەكان لەژێر شەنوكەوێكی قورسی لیژنەدا ھەڵبژێردران. ئەوە كاتی راگەیاندنی گرووپی یەكەمی ئەو فێستیڤاڵە و دوازدە سوارەی مەریوان یەكەم بوو، گرووپەكانی ھەڵپەركێی بانە و سابڵاغ بەھاوبەشی دووەم بوون و گرووپی گۆڤەندی ورمێش پلەی سێیەمی بەدەستھێنا.

ھاوكات لەگەڵ ھەڵپەركێی كوردستان لە مەھاباد نمایشكرا، كاری دەستی، جۆرەكانی جلی كوردی و چەندین كەرەستە و نمایشی كۆنی كوردستان ھەم نمایش كران و ھەمیش كەوتنە كێبڕكێیەكی جیدی، ئەوەش بە گوتەی بەرێوەبەران و لێژنەی ھەڵسەنگاندن، بۆ ئەوەیە كە ھەموو لایەك پاراستنی كەلتوورو كەلەپووری نەتەوەكەیان بە جیدی وەربگرن و زۆرترین ھەوڵبدەن بۆ ئەوەی لە ئەركە گرنگەكەیان تێبگەن.

 ھ.م