شەش کتێب رێڕەوی فیکریی ئەوروپایان گۆڕی

شەش بەرهەمی ئەدەبیی چەمکی بوونگەرایی روون دەکەنەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئێگزستنشیالیزم یاخود بوونگەرایی چەمکێکی فەلسەفییە کە بە دوای ماناکان لە رێگای بژاردەی خاڵی لە کاریگەریی و بیری ئازاد دا دەگەڕێت.

لە سەدی نۆزدە و بیست لە ئەوروپا، بوونگەراکان گەشەیانکرد و بڕوایان وابوو کە دەبێت مرۆڤ بەها و بڕیاری خۆی بێ گوێدانە هیچ یاسا و نەریتێک بدۆزێتەوە.

بۆ بونگەراکان، ژیان مانایەکی راستەقینە و گشتگیری نییە، بەڵکو مرۆڤ خۆی مانا بە شتەکان دەبەخشێت و پێناسەیان دەکات، ئەمەش لەژێر کاریگەری نایەکسانییەکانی ژیان و ئەو ژینگەیەی کەسەکان پێیدا دەڕۆن.

ئەم ئایدەلۆژیایە کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی ئەوروپا دروستکرد و بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە کۆمەڵگەی خۆرئاوا زیاتر ببێتە کۆمەڵگەیەکی تاکەکەسی.

لە دیارترین فەیلەسووفەکانی ئێگزستنشیالیزم، ژان پاول سارتەر، فیۆدۆر دۆستێڤسکی، فرێدریک نێچە، ئەلبێر کامو، فرانز کافکا و سۆرێن کیەرکێگۆرە.

 ئەگەرچی بەرهەمی ئەدەبی زۆرمان هەیە کە لە ژێر کاریگەری ئێگزستنشیالیزم نووسراون، بەڵام شەش کتێب کە زۆرێک لە رەهەندەکانی ئێگزستنشیالیزم دەردەخەن، لەلایەن ئەدەب دۆستان پێشنیاز دەکرێن.

کەسە نامۆکە   The Stranger

لە نووسینی ئەلبێرت کامۆ یە و باس لە پیاوێکی پووچگەر دەکات کە لە کەنار دەریاکانی وڵاتی جەزائیر، کەسێکی عەرەب دەکوژێت.

کامو لەم کتێبە باس لە ژیانی کەسێک دەکات کە بە دوای وەڵامی پرسیاری ئەوەدا دەگەڕێت، ئایا ژیان بەبێ مانا بەسەر دەبردرێت؟

Being and Nothingness  بوون و هیچێتی

بەرهەمی ژان پاول سارتەرە و بە وردی باس لە بوون و هۆکارەی بوون دەکات. سارتەر لەم پەرتووکە جیاوازی لە نێوان بوون بۆ خود و بوون بۆ ئەوانی دیکە رووندەکاتەوە.

یەکێک لە باسە گرنگەکانی دیکەی، راکردنی مرۆڤە لە ئازادی. سارتەر وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا مرۆڤ کۆنتڕۆڵی بەسەر بژاردەکانی خۆیدا هەیە؟

Thus Spoke Zarathustra زەردەشت وەهای گوت

یەکێکە لە کاریگەرترین و ناودارترین بەرهەمەکانی نێچە و فەلسەفەیە.

کتێبەکە باس لە کەسێک دەکات کە لە ئەشکەوتێک دەژیت و دوورە لە کۆمەڵگا، دواتر کاتێک تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەبێت، دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە مرۆڤ چۆن دیلی دەستی چەند چەمکێکی فیکرییە و ناتوانێت لێیان هەڵبێت.

لەم کتێبە نێچە باس لە "مرۆڤی باڵا" دەکات و تێڕوانینی خۆی بە کەسێکی بێ خەوش دەخاتە ڕوو.

The Trial دادگایی

کافکا نووسەری رۆمانی دادگاییە و باس لە چیرۆکی کەسێک دەکات کە بەیانییەک بێ ئەوەی بزانێت بۆ، فەرمانی دەستگیرکردن و دادگایکردنی دەردەچێت.

کافکا باس لە بوونگەرایی و پوچگەرایی دەکات و زۆرێک لە یاسا و نەریتە مۆدێرنەکان بێ کەڵک و بێ بەها دەکات.

The Last Messiah دواین مەسیح

وتارێکە لەلایەن پیتەر وێسڵ زاپفێ نووسراوە و باس لەوە دەکات بۆچی مرۆڤ وەک بونەورێکی بێ هیوا و نا ئومێد دەژی، بۆ ئەوەش گەشەی مێشک و بایەلۆژی تۆمەتبار دەکات.

Either / Or یا/ یان

یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سۆرێن کیەرکێگۆرە، وەک بنەمایەکی چەمکی بوونگەرایی لەقەڵەم دەدرێت.

ئەو فەیلەسووفە باس لە ئەخلاق، جوان پەرستی، ترسی و سەرکەوتن دەکات.

بنەماکان و هۆکارەکانی بوون و مانای ژیان رووندەکاتەوە.

سەرچاوە: Big Think

H.J