شرۆڤه‌ی فه‌رهه‌نگی ژیانى نه‌ته‌وایه‌تی و زمانه‌وانی ده‌ڤه‌ری بارزان له په‌رتووكێكی نوێ‌دا
K24- هه‌ولێر:
دوایین په‌رتووكی نووسه‌ری كو‌رد "به‌در ئیسماعیل شێرۆكی" به‌ناوی "بارزان مایكرۆمۆدێلی كیانێكی سه‌ربه‌خۆ" بڵاوكرایه‌وه، په‌رتووكه‌كه كه چاپی یه‌كه‌مه، له توێی 428 لاپه‌ڕه‌دا داهێنراوه، ناوه‌ڕۆكی په‌رتووكه‌كه ته‌نیا تایبه‌ت نه‌كراوه به بواره مێژووییه‌كه، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی قۆناغه‌كانی مێژووه‌وه شرۆڤه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسی بۆ سه‌رجه‌م ره‌هه‌نده‌كانی ژیانی سیاسی، كلتووری، نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ده‌ڤه‌ری بارزان كراوه.
په‌رتووكه‌كه كه له چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات له شاری هه‌ولێر له‌چاپدراوه، بواره‌كانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وایه‌تی، كلتوری، ته‌ریقه‌ت، هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌وپێشچوونه هزرییه‌كان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌ت، كو‌رد له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان، جیهانبینی، پێناسه‌ی بارزانییه‌كان وه‌ك قه‌واره، فه‌لسه‌فه و ده‌یان بابه‌تی دیكه له‌خۆ ده‌گرێت، كه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی مێژوو گه‌لی كوردستان به‌گشتی و ناوچه‌ی بارزان به‌تایبه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه.
بابه‌تێكی زۆر گرنگ كه له‌و په‌رتووكه‌دا شرۆڤه كراوه، بڕیار و ئیراده‌ی گه‌لی كورده كه به‌درێژایی قۆناغه‌كانی مێژوو بۆ مانه‌وه هه‌یبووه و شۆڕشی له‌پێناو به‌رپا كردووه.
له‌و په‌تووكه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، كه هه‌رگیز ئاین له‌پێناو ده‌وڵه‌ت به‌كارنه‌هاتووه، به‌ڵكو ئاین و شۆڕش هه‌ردووكیان له ده‌ره‌نجامی ده‌رد و ره‌نج و زۆرداری له‌دایك ده‌بن، به‌ڵام له‌ناو خۆشگوزه‌رانی و سامانداریدا له‌ناو ده‌چن.
ئه‌مه یه‌كه‌م به‌رهه‌می نووسه‌ری كو‌رد "به‌در ئیسماعیل شێرۆكی" نییه، نووسه‌ر چه‌ندین داهێنراوی دیكه‌ی له‌چاپدراوی هه‌یه.
H.B