ئەمڕۆ سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەست پێدەكات

لە فێستیڤاڵەكەدا 117 فیلم نمایش دەكرێن

K24 - سلێمانی

بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە میوانانی ناوخۆ و بیانی ئەمڕۆ 10/10/2018 لەژێر ناوی (پاڵەوانە ژنەكان جیھان دەپارێزن) سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەست پێدەكات.

بەپێی راگەیەندراوی لیژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵەكە 22 وڵات بە فەرمی بەشداری تیادا دەكەن و 117 فیلم نمایش دەكرێن، دەستپێكی فێستیڤاڵ بە فیلمی فەرەنسی كچانی خۆر (Girls The sun) دەست پێدەكات كە لە دەرھێنانی ئێڤا ھوسونە.

ھەر لەو فێستیڤاڵەدا رۆژنامەیەك دەردەكرێت بەناوی (شار سینەما). شەھێن سابیر، جێگری سەرنووسەری رۆژنامەكە بە كوردستان24 راگەیاند: "رۆژنامەكە تایبەتە بە زانیاری و چالاكییەكانی فێستیڤاڵ".

گوتیشی: "لە فێستیڤاڵەكەدا فیلمی درێژ و فیلمی كورت و دیكۆمێنتاری و ئەنیمەیشن نمایش دەكرێن".

راشیگەیاند: "ئەو فێستیڤاڵە 7 رۆژ بەردەوام دەبێت و جگە لە نمایشكردنی فیلم، چەندین چالاكی دیكە ئەنجامدەدرێن".