ڤیدیۆی ساتی كوشتنی تاره فارس بڵاوده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
تاره فارس شه‌معون، خانمه مۆدێلی عێراقی، دوێنی پێنجشه‌ممه، 27ی ئه‌یلوول/ سێپتێبمه‌ری 2018، له ناوه‌ڕاستی به‌غدا كوژرا و ئه‌مڕۆش گرته‌ی ڤیدیۆیی ساتی كوشتنه‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه.
وه‌ك له‌و گرته ڤیدیۆییه‌دا كه به كامێرای چاودێری گیراوه، ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌سێك نزیك جامی لای شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تاره ده‌بێته‌وه و گوایه ته‌قه ده‌كات و دواتریش سواری دواوه‌ی مۆتۆرسیكلێك ده‌بێت و شوێنه‌كه جێده‌هێڵن.
وه‌ك له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا نیشانی ده‌دات، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تاره فارس، ورده ورده ده‌ست به رۆیشتن ده‌كاته‌وه، به‌و پێیه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه "گێڕ ئۆتۆماتیكه و ئه‌و كاته‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه، قاچی له‌سه‌ر برێك لاكه‌وتووه".
دواتریش گه‌نجێك هه‌ست به رووداوێكی نائاسیی ده‌كات و نزیك ئۆتۆمبێله‌كه ده‌بێته‌وه، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی به‌غداش رایده‌گه‌یه‌نن، لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه ده‌ستیپێكردووه.
له‌ماوه‌ی كه‌متر له دوو مانگ، ئه‌مه چواره‌م حاڵه‌تی كوشتنی ژنانی مۆدێل و خاوه‌ن سه‌نته‌ره‌كانی جوانكارییه له به‌غدا و به‌ر له كوشتنی تاره‌ش، سێ ژنی دیكه‌ش كوژراون.
ئه‌و كچه مۆدێله عێراقییه، پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه و به‌مدواییانه له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێ ببوو، وه‌ك هاوڕێكانیشی باسی ده‌كه‌ن، بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته گه‌ڕابۆوه به‌غدا، به‌ڵام دوێنێ پێنجشه‌ممه، 27ی ئه‌یلوول/ سێتپێمبه‌ری 2018، له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه له به‌غدا كوژرا.