دایکی سێ منداڵە سووتاوەکە کۆچی دوایی کرد

مامی سێوان دواین وتەکانی سێوان ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

سێوان قادر، ئەو ژنەی بە هۆی سوتاندنی ماڵەکەی لە شاری چەمچەماڵ، سێ منداڵی گیانیان لەدەستدا، دوای نزیکەی هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، خۆشی گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری کوردستان24  لە شاری سلێمانی ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێوان قادر بە هۆی زۆری رێژەی سووتانەکەی  گیانی لەدەستداوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو 16/12/2018، ماڵەکەی سێوان قادر سووتا، بە گووتەی خێزانی سێوانیش، هاوسەرەکەی بە سووتانی ماڵ و منداڵەکەی هەستاوە، لە ئێستاشدا، هاوسەری سێوان قادر دەستگیرکراوە.

لە لێدوانێکی بۆ میدیاکان، مامی سێوان قادر لە بارەی گیان لەدەستدانی سێوان  گووتی: "تاوانەکە ناخی هەموو دونیای هەژاند".

لەبارەی کێشەکانی سێوان، گووتی: "کێشەی خێزانی هەبوو، بەداخەوە گەنجی ئێمە ژن دەهێنن، دواتر دوای کەسێکی جوانتر دەکەون".

مامی سێوان بە گریانەوە دواین لێدوانی ئەو دایکە سووتا و جەرگ سووتاوەی ئاشکرا کرد و گووتی: "ئامۆژن، منداڵەکانم لەسەر سنگم لابە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، باوکی سێوان بڕیاریداوە، پرسە بۆ کچەکەی نەگیڕێت تاکو کێشەی مردنی کچەکەی بەو جۆرە کێشەی زیاتری بەدوادا نەیەت.