خۆشەویستی کچێکی پەنابەر وەزیرێکی نەرویجی لەکارەکەی کرد

"لەبەر ئەو کچە ئێرانییە دەستی لەکارکێشایەوە و داوای لێبوردنی کرد"

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسێکی پارتی راستڕەوی نەرویجی کە پارتەکەی دژی هێشتنەوە و وەرگرتنی پەنابەرانە، لەگەڵ کچە پەنابەرێکی ئێرانی دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە و بەهۆیەوە وازی لە پۆستەکەی کە وەزیری سامانەکانی ماسی  بوو هێنا.

پێر سانبێرگ تەمەن 58 ساڵ، وەزیرەکەی پێشووی نەرویج، لەگەڵ بەهارە لێتنێس، خانمە مۆدێلی ئێرانی تەمەن 28 ساڵ، پەیوەندی خۆشەویستی دەبەستن سەرەڕای ئەوەی بەهارە سێجار داوای مافی پەنابەرێتی لەلایەن حکوومەتی نەرویجەوە رەتکراوەتەوە.

ئەوەی کێشە بۆ ئەو وەزیرە دەروست دەکات، بڕیاری سەردانکردنی ئێرانە لەگەڵ ئەو کچە هاوڕێیەی.

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی ئاڕ تی رووسی، سانبێرگ بیری چووە بە سەرۆک وەزیرانی نەرویج بڵێت کە ئەو لەسەردانەکەی بۆ ئێران، تەلەفۆنی ئیشەکەشی لەگەڵ خۆی دەبات لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی پێشتر بە چاودێریکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان تۆمەتبارکراوە، ئەمەش پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تووڕەکرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، ئەو وەزیرە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتیشی: "ئەوە خەمناکە، هیوام دەخواست چەند پڕۆژەیەک کە هەمبوو تەواویان بکەم".

بەهارە سێ جار لەلایەن حکوومەتی نەرویجەوە داوای مانەوەی رەتکراوەتەوە، بەڵام دواجار بەهۆی ترسی بەزۆر بە شوودانی لە وڵاتەکەی خۆی مافی مانەوەی پێبەخشراوە.

H.J