دووکەڵی ئۆتۆمبێل زیانی تەندروستی گەورەی بە دواوەیە

هەندێک شۆفێر لە شەقامەکان ژەهر بڵاودەکەنەوە و سزاش نادرێن

K24 – هه‌ولێر:

هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکانی سەر شەقام بڕێکی زۆر دووکەڵ بەهۆی کۆنی و تێکچوونیان لە دوای خۆیان جێدەهێڵن، ئەو دووکەڵەش کاریگەری زۆری لەسەر شۆفێران و هاووڵاتیان دەبێت.

دووکەڵی ئۆتۆمبێل لە چەند ماددەی ژەهراوی کیمیایی وەک کاربۆن مۆنۆکساید، سولفور (گۆگرد) دایۆکساید، نایترۆجین ئۆکساید، میسانۆل، بەنزین و سووت پێکدێت، هەموو ئەمانەش زیانیان بۆ سی و بۆرییەکانی هەناسە هەیە.

گەر تەنها زیانی یەکێک لەو گازانە کە گازی کاربۆن مۆنۆکسایدە وەربگرین، زیانەکانی دووکەڵی ئۆتۆمبێلمان بۆ ئاشکرا دەبێت.

کاربۆن مۆنۆکساید گازێکی بێ تام، بێ رەنگ و بێ بۆنە، ئەگەر کەسێک بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت کاتژمێر 0.0035% گازەکە هەڵمژێت، ئەوا دووچاری نیشانەکانی سەرئێشە و گێژ بوون دەبێتەوە، خۆ ئەگەر رۆژانە ئەم گازە هەڵبمژرێت، ئەوا چەندین نەخۆشی درێژ خایەنی وەک نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی هەناسە، تێکچوونی و لاوازبوونی ماسوولکە و تێکچوونی گەدەی بە دواوە دەبێت.

لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی سزابدرێن، دەیان ئۆتۆمبێل بەهۆی کەمتەرخەمی شۆفێرەکانیان، بڕێکی زۆر لەو دووکەڵە رەشە زیانبەخشە بڵاودەکەنەوە کە هەندێکجار لە رێگای گۆڕینی ڤاڵڤی ئۆتۆمبێل یاخود فیلتەری رۆن دەکرێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

Scienceabc

H.J