خه‌ڵاتى رێزلێنان به پێشكه‌شكارێكى كوردستان24 به‌خشرا
K24- هه‌ولێر
لە ئۆفیسی كۆمه‌ڵه‌ی مه‌ندائی لە ھەولێر، رێوره‌سمی رۆژی رۆشنبیری عێراقی بەڕێوەچوو. ئێواره‌ى 2/11/2017 به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تی كوردستانى و عێراقی، میدالیای رێزلێنان به‌خشرایه یازده نووسه‌ر و كه‌سایه‌تى كورد و عێراقى.
له هه‌رێمى كوردستان هه‌ریه‌ك له بابه شێخ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی رۆحانی ئێزدییان، په‌خشان زه‌نگه‌نه، ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی خانمانی كوردستان، ته‌رزه فایه‌ق جاف، شاعێر و پێشكه‌شكارى كه‌ناڵى كوردستان 24 خه‌ڵاتى رێزلێنانیان پێبه‌خشرا.
نزار گزالی، مامۆستای زانكۆ، یەکێك لە ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیارى رێوڕەسمەکە، له باره‌ى هه‌ڵبژاردنى هه‌ولێر بۆ رێوڕه‌سمى ئه‌مساڵ به كوردستان24 راگه‌یاند "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شارى هه‌ولێر بۆ ئه‌و چالاكییه هه‌ڵبژێردرا، بۆ ئه‌وه‌ى په‌یامى ئه‌وه بگه‌یه‌نرێت كه رۆشنبیران هه‌میشه دژی ناكۆكییه سیاسییه‌كانن و جه‌خت له سه‌ر نزیك كردنه‌وه‌ی ئاراسته جیاوازه‌كان ده‌كه‌نه‌وه".
ئه‌وه‌شى وت "ئه‌وانه‌ى خه‌ڵاتیان پێبه‌خشراوه، نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوى پێكهاته جیاوازه‌كانی كوردستان وعێراق ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌مووان له بوارى جیاوازدا، جێده‌ستیان دیار بووه".
له‌رێوڕه‌سمه‌كه‌دا بابه‌شێخ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی رۆحانیی ئێزدیان، هیواى خواست ئاشته‌وایی له نێو پێكهاته‌كانی كوردستان و عێراق په‌ره بستێنت، هه‌مووان به‌ر له هه‌ر هه‌نگاوێك به عه‌قڵ بیربكه‌نه‌وه و خه‌ڵكی سڤیل چیتر نه‌بێته قوربانی".
په‌خشان زه‌نگه‌نه، ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی خانمانی كوردستان ئه‌م رێزلێنانه‌ی به رێزلینانی خانمانی كورد زانى و گوتى "مایه‌ى خۆشحاڵییه له نێو یازده كه‌سایه‌تی خه‌ڵاتكراو، دوو خانمى كورد هه‌ن".
له باره‌ى خۆشیه‌وه گوتى "هێشتا له سه‌ره‌تادام و خه‌ونی من ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام له بواره‌كه‌مدا كاری باشتر بكه‌م".
پێشكه‌شكارى پڕۆگرامى روانگه له كوردستان24 ته‌رزه جاف، له باره‌ى وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى رۆژى رۆشنبیرى عێراقى گوتى "خۆشحاڵم كه ده‌بینم هه‌وڵه‌كانم له بوارى رۆشنبیرى و رۆژنامه‌ڤانى گه‌یشتوونه‌ته ئاستی ره‌زامه‌ندى. ئه‌و رێزلێنانه‌ش هانم ده‌دات به گوڕوتینى زیاتر كار بۆ میلله‌ته‌كه‌م بكه‌م".
له یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی لوتكه‌ی رۆشنبیری عێراقی له 25/11/2011، رۆژى 25 نۆڤه‌مبه‌ری هه‌ر ساڵێك وه‌ك رۆژى رۆشنبیری عێراقی دیاریكرا. به‌م بۆنه‌یه‌وه ساڵانه له یه‌كێك له شاره‌كانی عێراق میدالیای رێزلێنان به كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تى دیار له نه‌ته‌وه و پێكهاته‌ى جیاواز ده‌به‌خشرێت.هه‌روه‌ك ساڵى رابردوو له شاری میسانی باشوری عێراق رێوڕه‌سمه‌كه به‌ڕێوه‌چوو.