لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونیدا بهشێك له ژیان و بەرهەمەکانی کافکا بزانە
K24 - ههولێر:
بەیانیەکی زوو، بە بێ دادگایی و تاوان، لە ژووری هۆتێلەکەی (جۆزێف کەی)، دەستگیردەکرێت، بەم جۆرە رۆمانی ناوداری کافکا (دادگایی) دەستپێدەکات. ئەو رۆمانەش رۆڵی سەرەکی هەبوو لەوەی لە ساڵی 2001، خەڵاتی نێودەوڵەتی کافکا دروست بکرێت و وەک خەڵاتێکی نێودەوڵەتی باڵای بواری ئەدەبیات بدرێتە نووسەران.
فرانز کافکا، گەورە رۆماننووس و چیرۆکنووسی بواری ئەدەبیات لە 03/07/1883 ، لە پراگی پایتەختی کۆماری چیک، وەک جوولەکەیەکی ئەڵمانی زمان لە دایکبووە. نووسەران، کافکا وەک نووسەرێکی ریالیستی و فانتازی لەقەڵەم دەدەن و کارەکانیشی ئاڵۆز و چەند رەهەندی بوون.
لە رووی سیاسیەوە، کافکا پشتگیری لە سۆشیالیزم و زایۆنیزم دەکرد، ئەندام بووە لە چەند رێکخراوێکی سیاسی دژە سەربازیی و ئایینی.
خێزانی کافکا:
خێزانی ئەو نووسەرە لە چینی مامناوەند بوون. دوای تەواوکردنی کۆلێژی یاسا لە زانکۆی پراگ، بەیانیان لە کۆمپانیایەکی دڵنیایی کاری کردووە و ئێوارانیش خۆی بە نووسینەوە سەرقاڵکردووە.
هەر لەسەرەتای ژیانی، کافکا دووچاری تراژیدیای مردنی دوو براکەی بۆتەوە کاتێک تەمەنی تەنها 6 ساڵ بووە، ئەمەش وای لەو نووسەرە کرد هاوشێوەی کارەکانی، تاقانە بمێنێتەوە.
کافکا لەگەڵ هێرمانی باوکیدا، پەیوەندییەکی خراپی هەبووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیان و نووسینەکانی جێهێشتووە.
هێرمان کەسێکی بازرگان بووە و زۆربەی کاتەکان تووڕە و کەم تەحەموول بووە، بایەخی بە خولیا و کارە ئەدەبییەکانی کافکا نەداوە.
خۆشەویستی و تەندروستی کافکا:
دوای جیابوونەوەی یەکەمیان، جارێکی دیکە کافکا لەگەڵ کچە هاوڕێکەی هاوسەرگیری دەکات، بەڵام لە ساڵی 1917، بە یەکجاری رێگاکانیان جیا دەکەنەوە.
دواتر کافکا دەکەوێتە داوی خۆشەویستی دۆرا دیمان و پێکەوە دوای نەخۆشکەوتنی کافکا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەژین. دۆرا هەم سۆشیالیست و هەم جوولەکەش بووە، ئەمەش یارمەتی داوە وەک هاوڕێ و هاوسەری کافکا بمێنێتەوە.
فرانز کافکا بە دەست نەخۆشییەکانی سەر ئێشە، پێست، خەمۆکی، دڵەراوکێ و بێ خەوی دەیناڵاند، بەجۆرێک ئەو نەخۆشیانە کافکایان بۆ چارەسەر رەوانەی ڤییەنای پایتەختی ئۆستریا (نهمسا) کرد، بەڵام لەوێ نەگەڕایەوە لە ساڵی 1924 و تەمەنی 40 ساڵی کۆچی دوای کرد.
کارەکانی کافکا:
یەکێک لە ناودارترین و پڕ فرۆشترین چیرۆکەکانی کافکا، (مێتامۆرفۆسیس)ـە کە نووسەر لە ساڵی 1912 نووسیویەتی.
لە ساڵی 1913، کافکا کۆمەڵە چیرۆکی (مێدیەیشن) و دواتر( بیفۆر تڕایەل)ـی بڵاوکردەوە، ئەم دوو بەرهەمەش جێگایان دیارە لە ئەدەبیاتی چیرۆکی جیهانی.
لە ساڵی 1914 بۆ 1915، کافکا رۆمانی(دادگایی) نووسی و ئەو رۆمانەش بووه هەوێنی پێناسی کافکا لای زۆرێک لە لێکۆڵەرەوانی ئەدەبی.
سەڕەڕای تێکچوونی باری تەندروستی، ئەو رۆمانووسە لە دوای ساڵی 1916ـەوە، بەرهەمەکانی ( جەجمێنت، پێناڵ کۆڵنی، داکتەر کەنتری) و (هەنگەر ئارتیست)ی بڵاوکردەوە.
چەند وتەیەکی کافکا کە لە بەرهەمەکانی وەگیراون:
- مانای ژیان لەوەدایە کە لەشوێنێک دەوستێت.
- تۆ ئازادیت، لەبەر ئەمەشە خۆت ون دەکەیت.
- یەکێک لە ئاماژەکانی سەرەتای تێگەشتن، ئەوەیە کە هیوا دەخوزیت بمریت.
- لە جەنگی نێوان خۆت و جیهاندا، پشتگیری لە جیهان بکە.
- گەنجێتی خۆشبەختییە چونکە دەتوانی جوانی ببینی، هەرکەسێک بتوانێت جوانی ببێنێت، هەرگیز پیر نابێت.
- خودا گوێزمان پێدەبخشێت، بەڵام بۆمان ناشکێنێت.