فيلمێكى كوردى گه‌يشته‌ ئۆسكار

دەرهێنەرێکی کورد، دوو ساڵە بەسەریەکەوە کێبڕکێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار، ئەمساڵیش بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە سینەماییە، کێبڕكێ لەگەڵ نۆ فیلمی سینەماییدا دەکات.

 K24 – هه‌ولێر:

دەرهێنەرێکی کورد، دوو ساڵە بەسەریەکەوە کێبڕکێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار، ئەمساڵیش بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە سینەماییە، کێبڕكێ لەگەڵ نۆ فیلمی سینەماییدا دەکات.

کورتە فیلمی "نێچیرڤانی خراپ" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد، سه‌هيم عومه‌ر خه‌ليفه‌ پاڵێوراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى كێبڕكێى ئه‌مساڵى ئۆسكار بكات.

له‌و باره‌يه‌وه‌، سەهیم عومەر خەلیفە، له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ K24 نێردراوه‌، ده‌ڵێت: "کورتە فیلمەکەی لەگەڵ 9 کورتە فیلمی دیکە لە کێبڕکدایە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلم".

"نێچرڤانی خراپ" دوایین فیلمی سینەمایی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە، تەواوی ستافەکەی کوردن، پێشتر چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە.

خەلیفە راشیگەیاند، "لە 19 ئەم مانگەدا کۆمیتەی ئۆسکار لە هۆلیوود، 10 کورتەفیلمی کاندیدکردووە بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم".

هه‌روه‌ها گوتی: "لە 14ى کانوونی دووەم/ یەنایەر 2016، تەنها پێنج فیلم بۆ پێشبڕکێی کۆتایی هەڵدەبژێردرێن".

خەڵاتی ئۆسکار بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لەسەر ئاستی جیهاندا دەناسرێت، لە ساڵی 1972ـەوە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و زانستی سینەمایی لە 22 شوبات/ فێبرایەری هەموو ساڵێک لە ئەمەریکا دەبەخشرێت، ئەمساڵ خولی 88مینی بەڕێوەدەچێت.

ئەو دەرهێنەرە کوردە، روونیشیکردەوە، "ئەو یەکەم دەرهێنەرە لەسەر ئاستی بەلژیکا، کوردستان و عێراقدا دوو ساڵ بەسەریەکەوە کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بێت".

پار کورتەفیلمی "میسیی بەغدا"ـی ئەو سینەماکارە، یەکێک لە 10 ئەو کورتەفیلمانە بوو، کێبڕکێی بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم دەکرد.

سەهیم عومەر خەلیفە، خەڵكی شارۆچکەی زاخۆیە. دانیشتووی وڵاتی بەلژیکایە. هەر لەو وڵاتە بڕوانامەی ماستەری لە سینەمادا بەدەستهێناوە.

"نێچیرڤانی خراپ" بەرهەمی هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیی سینەمای هەولێر، وڵاتی بەلژیکا و فێستیڤاڵی سینەمایی دوبەیە.

خەلیفە لە رێگەی کورتە فیلمی "خاكی پاڵەوانان"، "میسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ"، 93 خەڵاتی لەسەر ئاستی فێستیڤاڵە سینەماییە نێوخۆیی و جیهانییەکاندا بەدەستهێناوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەو دەرهێنەر کوردە، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی یەکەم فیلمی درێژیەتی بەناوی "زاگرۆس" لە دوای سێ کورتەفیلم.

پێشتر وڵاتی بەلژیکا بڕیاریدا ببێتە بەرهەمهێنەری سەرەکی فیلمەکە، دواتر هەریەک لە فەرەنسا و بەشی کلتووری یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری دارایی خۆیان بۆ فیلمەکە نیشاندا و بەم دواییەش وڵاتی هۆڵەندا ئه‌و پشتيوانييه‌ى بۆ ده‌ربڕيوه‌.

کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە مانگی نیسان/ ئەپرێل 2016ـدا لە جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان دەستپێدەکات و بەشیێکی دیکەی لە بەلژیکا وێنەدەگیرێت.