17 فیلمی كوردی لە سوید نمایش دەكرێن

پێنجەمین دیداری فیلمی كوردی لە سوید بەڕێوەدەچێت
kurdistan24.net

K24 - یۆتۆبۆری

لە پێنجەمین دیداری فیلمی كوردی له‌ سوید 17 فلیمی كوردی نمایش ده‌كرێن، لەو دیدارەدا دەرھێنەر و ئەكتەر سینەماكاران، له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌وه‌ هاتوون و له‌ سوید باس له‌ ئازاره‌كانی كورد ده‌كه‌ن.

لە دووه‌مین رۆژی پێنجه‌مین دیداری فیلمی كوردیدا هه‌شت فیلم نمایش كران، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و فیلمانه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌ به‌ ناوبانگه‌كانیشدا نمایش كراون. ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سینه‌ماكاره‌ به‌ ئه‌زموونه‌كانی كوردیش له‌ وڵاته‌ جیاجیاكانی ئه‌وروپاوه‌ به‌شدار بوون.

شادان فوئادی ئه‌كته‌ر بە كوردستان24 گوت: "ئەم دیدارە دەرفەتی گرنگە، چونكە فیلمسازان لای ئێمە تەنھا دەتوانن لەو جۆرە دیدارانە یەكتر ببینن، زۆربەیان تەنھا دەتوانن لەو دیدارانە كارەكانیان پیشان بدەن، بەداخەوە ھێشتا سینەمای كوردی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی رۆژانە بینەر بتوانێ فیلم ببینێ، سینەماكانمان لە كوردستانیش كەمتر فیلمی كوردی پیشان دەدەن".

هاورێ مسته‌فا، یەكێكە لە دەرھێنەرە دیارەكانی كورد و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی فینلاندایە، خاوه‌نی 5 فیلمه‌ و فیلمه‌كانی له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵی جیهانیدا به‌شداریان كردووه‌ و دوایین فیلمی به‌ ناوی "دوایین جه‌نگی پێشوو"، دوو خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌. ئەو باس له‌ به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌كان دەكات و دەڵێت: "پێویستە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان دابنرێت بۆ پشتگیری كردن لە ھونەر بۆ ئەوەی پشتگوێ نەخرێت، ئەگەر ئەوە نەبێت ناتوانرێت بناخەیەكی باش بۆ فیلمسازی لە كوردستان دابنرێت، كە ئێستا وەك بەشەكانی دیكەی ھونەر پشتگوێخراوە، ھۆكارەكەش ئەوەیە فیلمسازی لە كوردستان نەبووە بە كولتوور".