خانووە كۆنەكانی سلێمانی دەكرێن بە ماڵی كەلەپووریی

106 خانوومان دیار كردووە بیانكڕینەوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/18588c4a-1eb3-4660-81a9-a64fdeca3207/xanu%20mejuyi.ism/manifest

K24 - سلێمانی

بۆ پاراستنی خانووە کۆنەکانی شاری سلێمانی بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی 106 خانووی کۆنی دیارکردووە لە خاوەنەکانیان بكڕنەوە، تا ئێستا 15 لەو خانوانەیان کڕیوەتەوە و لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە خانووەکان دەکرێن بە پڕۆژەی کەلەپووری و بۆ یەکەمجاریش ماڵی سۆفی کەریم وەك ماڵێكی كەلەپووری کرایەوە.

ئەکرەم عوسمان، خاوەنی پڕۆژەی ماڵی سۆفی کەریم بە (كوردستان24)ی گوت: "ئامانجمان ئەوەیە وەك كەسێكی خەڵكی ئەو شارە خزمەت بە نەتەوە و میللەت و كەلەپوورەكەمان بكەین، ئەوەی ھەمانە لێرە لە خزمەت نەتەوەكەمان دامان ناوە".

هاشم حەمە عەبدوڵڵا،  بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی رایگەیاند: "لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا 106 خانوومان دیار كردووە، بۆ ئەوەی بیانكڕین لەو ژمارەیەدا توانیومانە تا ئێستا 15 خانوو بكڕین، یەكێك لەو خانووانە ماڵی سۆفی كەریمە، مایەی خۆشییە بۆ ئێمە لەمەدوا ئەو شوێنانە زیندو دەكرێنەوە".

سۆفی کەریم سەراج،  یەکێکە لە ناوە دیارەکانی شاری سلێمانی و دوای پیشەی سەراجی دەستی داوەتە کاری بازرگانی، ساڵی 1897 لە دایكبووە و ساڵی 1961 کۆچی دوایی کردووە.