خەڵاتەکانی ئۆسکار دابەشکران

لە کالیفۆرنیا 91هەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بەڕێوەچوو
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a383b0bc-e091-4b1c-a38d-7abfaca8ac57/022519VEK.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

لە 91هەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئوسکار کە تەنها چوار کاتژمێری خایاند، باشترین فیلم و ئەکتەرەکان هەڵبژێردران.

لەم مەراسیمەدا  فیلمەکانی رۆما، کتێبی سەوز و پڵنگی رەش و بۆهێمیان راپسۆدی توانیان زۆرترین خەڵاتەکان ببەنەوە. 

بە بردنەوەی چوار خەڵات، فیلمی بۆهێمیان راپسۆدی Bohemian Rhapsody بە پێش هەموو رکابەرەکانی کەوت؛ ئەم فیلمە باس لە فێرێدی مێرکوریی گۆرانیبێژی ناسراوی گرووپی کوین دەکات و ئەکتەرە سەرەکییەکەی، رامی مالکی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی وەرگرت.

ئۆلیڤیا کۆڵمن کە یەکەمجاربوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار ناوزەد کرابوو، بۆ رۆڵی لە فیلمی زێ فێڤرێت The Favourite, توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری خانم وەربگرێت.

رێگینا کینگیش لە فیلمی "ئەگەر بیل ستریت دەیتوانی قسە بکات" خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری یاریدەدەری وەرگرت و ماهرێشالا عەلی هەمان خەڵاتی بۆ پیاوان لە فیلمی کتێبی سەوز بردەوە. 

هەروەها، فیلمی "کتێبی سەوزی" پیتێر فێرێلی خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرت و فیلمی "رۆما" لە دەرهێنانی ئالفۆنسۆ کوارۆنی مەکسیکی خەڵاتی باشترین دەرهێنان و باشترین کامێرامانی وەرگرت.

هەر ئەو  فیلمە، خەڵاتی باشترین فیلمی بەرهەمهاتوو بە زمانێکی بەدەر لە ئینگلیزی مسۆگەر کرد. 

خەڵاتی ئۆسکار بە گەورەترین خەڵات لە بواری سینەماییدا و بە یەکێک لە نۆ خەڵاتەکانی ئەکادیمیای زانست و هونەری وێنەی جووڵاوەکان هەژمار دەکرێت. لە ساڵی 1929ەوە ئەم مەراسیمە لە شاری هالیوودی کالیفۆرنیا بەڕێوە دەچێت و ژمارەی خەڵاتەکانی بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت.