شاجوانی عێراق حیساب بۆ كه‌س ناكات

"جوولەکەکان چەپڵەی بۆ لێدەدەن"

K24 - هه‌ولێر:

سارا عیدان، شاجوانی ساڵی 2017ـی عێراق، لە کاتی بوونی بە شاجوان، چەند وێنەیەکی خۆی و ئادار گاندێلسمان ،شاجوانی ئیسرائیلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردەوە، ئەم وێنەیەش وایکرد خۆی و خێزانەکەی عێراق بەجێبهێڵن، بەڵام وێنەکەی هەر لا نەبرد.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تایمز ئیسرائیل، کۆمەڵەی جوولەکەکانی ئەمریکا، بەهۆی ئازایەتی سارا، داوەتیان کرد بۆ ئیسرائیل و لە بڵاوکراوەیەکیاندا ئاشکرایان کردووە: "گفتوگۆکانمان زۆری خایاند تاکو ئەو رازی بکەین کە بێتە ئیسرائیل، ئەو بەراستی دەیویست بێت بەڵام کەمێک دەترسا".

سارا لە کاتی سەردانیکردنی مارکێتی "مێهان یەهودا" لە شاری قودس، لەلایەن چەند جوویەکی عێراقی دەناسرێتەوە و سوپاسی دەکەن و چەپڵەی بۆ لێدەدەن.

بەگوێرەی هەواڵەکەی تایمز ئیسرائیل، ژنێک لە مارکێتەکە سوپاسی سارا دەکات و پێی دەڵێت: "سوپاس بۆ ئازایەتیت، تۆ نموونەیەکیت بۆ هەموو ژنانی جیهان".

لای خۆیەوە سارا سەبارەت بە سەردانەکەی بە تایمز ئیسرائیلی گووت: "من بڕوا ناکەم عێراق و ئیسرائیل دوژمن بن. رەنگە حکوومەتەکان دژی یەک بن، بەڵام خەڵکێکی زۆری عێراقی هەیە لێرە کێشەیان لەگەڵ جوولەکەکان نییە، باوه‌ڕم وایە ئەوان لێرە دڵخۆشن".

لەسەر وێنەکانی ساڵی 2017، هەڕەشەی کووشتن لە سارا و خێزانەکەی کرا لە عێراق، بە ناچاری وڵاتیان جێهێشت و ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەژین، کەچی شاجوان جارێکی دیکە سەردانی شاجوانی ئیسرائیلی کرد و وێنەی نوێی بڵاوکردەوە.

له‌ ئیسرائیل به‌ چه‌پڵه‌ پێشوازی له‌ سار عیدان ده‌كرێت
له‌ ئیسرائیل به‌ چه‌پڵه‌ پێشوازی له‌ سار عیدان ده‌كرێت