ئەساڵە نەسری دەستگیركرا

K24 - ھەولێر

خانمە هونەرمەندی بەناوبانگی سووری ئەساڵە نەسری، دوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەیەک ئازاد کرا.

میدیاكانی لوبنان بڵاویان كردەوە، ئەساڵە نەسری، گۆرانیبێژی سووری بۆ ماوەیەکی کاتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەریری لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەستگیرکرا، دوای ئەوەی بڕێک ماددەی هۆشبەری لەنێو کەلوپەلەکانی دەستی بەسەردا گیرا.

دوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی تایبەت کە تا ئێستا ئەنجامەکانی بڵاونەکراونەتەوە، ئەساڵە نەسری بە کەفالەت ئازادکرا و گەڕایەوە قاهیرە.

دوای ئازادکردنی، ئەساڵە دوو وێنەی تایبەتی لە نێو فڕۆکەدا بڵاوکردەوە، بەڵام میدیاکانی لوبنان دووپاتیدەکەنەوە، ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان دەریان خستووە، ئەساڵە ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەرە.