ئەو هەشت پەرتوکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەدەغەکراون

"ئەوەی مامەڵەیان پێوەبکات سزا دەدرێت"

K24 - هه‌ولێر:

بەهۆی رەخنەگرتن و وەستانەوە دژی چەند بیروباوەڕێکی سیاسی، ئایینی و کەلتووری، هەشت پەرتوک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەدەغەکراون. خوێنەران و کڕیارانی ئەو کتێبانە لە هەندێک وڵات دووچاری سزای یاسای دەکرێنەوە ئەگەر لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان دەستگیربکرێن.

خوانێک بۆ گژی و گیای دەریا

ئەو پەرتوکە لەبارەی دوو پەنابەری عێراقییە کە لە وڵاتی جەزائیر دەژین. لە ساڵی 1999، لە لایەن ئیسلامییەکانی میسڕەوە رەخنەی لیگرا و بە هێرشکردنە سەر ئاینی ئیسلام تۆمەتبارکرا.

هێماکانی داڤینچی (داڤینچی کۆد)

یەکێکە لە پەرتوکە ناودارەکانی رۆژئاوا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ناوەڕۆکەی باس لە بە دونیا هێنانی منداڵێک دەکات لە لایەن پەیامبەر عیسا و مەریم ماگدەلێن(ئەو ژنە جووەی کە دەوترێت لەگەڵ پەیامبەر عیسا بووە و شایەتی لە خاچدانەکەیەتی)، مەسیحییەکانی لوبنان رەخنەی تووندیان لێگرت و ئاکام حکوومەتی ئەو وڵاتە قەدەخەیکرد.

مێترۆ

ماجدی ئەل شافی نووسەری ئەو پەرتووکەیە، باس لە نایەکسانی و گەندەڵی حکوومەتی میسر دەکات. لە ساڵی 2008 بە بیانووی "بڵاوکردنەوەی رەوشتی ناڕەوا لەناو خەڵکدا" قەدەخەکرا و نووسەرەکەشی بە بڕی 1000 دۆلار سزادرا.

 کورتە چیرۆکی کەریم بەنا بەناوی "خودا لە کوێیە؟"

ئەم نووسەرە میسرییە دووچاری رەخنەی زۆر بووەوە بەوەی هێرشیکردۆتە سەر ئاینی ئیسلام. بەهۆیەوە لەساڵی 2011 بەنا ماوەی پێنج ساڵ زیندانی کرا و پەرتوکەکەشی قەدەخەکرا.

چەند هۆنراوەیەکی مەحمود دەرویش

لە ساڵی 2014، سعودییە چەند هۆنراوەیەکی شاعیری ناوداری عەرەب و فەلەستینی، مەحمود دەرویش، بە بیناوی بوونی چەند "پەیامێکی کوفر" قەدەغەکرد. 

کتێبەکانی سەید قوتب و حەسەن بەنا

پەرتوکەکانی سەید قوتب و حەسەن بەنا کە بە "باوکی بیروڕای ئیخوان موسلمین" لە لایەن ئیخوانەکان ناودەبرێن لە لایەن حکوومەتی سعودییەوە قەدەخەکراون، بەوەی ریاز رێکخراوی ئیخوان موسلمین بە رێکخراوێکی تیرۆرستی دەزانێت.

ژیانی سەرسنوور

دۆریت رابینان پەرتوکەکەی نووسیوە و باس لە پەیوەندی خۆشەویستی کچێکی جوولەکە و کوڕێکی فەلەستینی دەکات. حکوومەتی ئیسرائیل لە ساڵی 2015 ئەو پەرتوکەی بە بیانووی شێواندانی کەلتووری منداڵان قەدەخەکرد.

ئایەتە شەیتانییەکان

لە ساڵی 1988، ئایەتوڵا خومەینی فەتوای کوشتنی سەلمان روشدی، نووسەری پەرتوکەکە، دەرکر بەهۆی ئەوە ئەو پەرتوکە رەخنەی تووند لە ئاینی ئیسلام دەگرێت. تەنانەت ئەوانەشی بڵاویانکردەوە و کاری وەرگێڕانیان بۆ ئەو پەرتوکە کرد، ئەشکەنجە دران و چەند جارێک لە شارەکانی میلان، ئۆسلۆ و تۆکیۆ تەقەیان لێکراوە.

 

سەرچاوە: ئەلبەوابە

H.J