بۆچی نۆتردام بە یەکێک لە گەوهەرەکانی مێژوو هەژمار دەکرێت؟
K24 – ههولێر:
نۆتردام یاخود بە فەرنسییەکەی نوتخێدام کلێسایەکی دێرینی کاسۆلیکییەکانە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و ساڵانە 13 ملیۆن سەردانکەری هەبووە، بەڵام بەشێکی زۆری بەهۆی ئاگرەوە سووتا.
نۆتردام بە مانا فەرەنسییەکەی واتە "خاتوونەکەمان" و لە ساڵی 1163 زاینی و لە سەردەمی پاشا لویسی حەوتەم دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ساڵی 1345 تەواو کراوە. لە رووی بیناسازییەوە بە یەکێک لە گەوهەرەکانی هونەری گۆتیکی سەدەکانی ناوین هەژمار دەکرێت.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو و لە کاتی زیاتر تەشەنەسەندنی شۆڕی فەرەنسا، تا رادەیەک فەرامۆشکرا و زیانی پێگەشت، بەڵام پارێزگاری لە مانەوەی ناسنامەکەی وەک خۆی کرا.
لە ساڵی 1831، ڤیکتۆر هۆگۆ رۆمانێکی بە ناوی Notre-Dame Of Paris نووسی و لە رێگایەوە رەخنەی لە فەرمۆشکردنی ئەو باڵەخانە دێرینەی وڵاتەکەی گرت.
رووداوەکانی مێژووەکانی ناو نۆتردام
لە ساڵی 1431 پاشا هینری شەشەمی ئینگلتەرا وەک پاشای فەرەنسا لە نۆتردام سوێندی یاسایی خوارد، هەروەها، لە ساڵی 1804، ناپلیۆن بۆنەپارت لە هەمان شوێن تاجی ئیمپراتۆریەتی خرایە سەر.
کلێساکە 128 مەتر درێژ و 48 مەتر پانە، بەرزی تاوەرەکەشی 69 مەتر بوو، لە ناویدا چەندین وێنە و پەیکەر نەخشێندراون کە زۆربەیان بۆ سەدەکانی 13 و 14 دەگەڕێنەوە؛ دەکرێت لە هەمان کاتدا شەش هەزار کەس نوێژی تێدا بکەن.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15/04/2019، بەهۆی کارەکانی نۆژەنکردنەوە، ئاگر لە بنمیچی کلێساکە کەوتەوە و بەشێکی زۆری بە تەواوی سووتا، بەڵام توانرا وێنە و کەلوپەلە دێرینەکان رزگار بکرێن.
لە ماوەی 12 کاتژمێر، لە لایەن چەند کەسایەتی، بازرگان، دامەزراوە و کۆمپانیایەکی فەرەنسی، بە سەدان ملیۆن یۆرۆ بۆ چاککردنەوەی کەنیسەکە بەخشرا و بڕیارە جارێکی دیکە کەنیسەکە دروست بکرێتەوە.
The New York Times
H.J