پاپای ڤاتیکان خانمە هونەرمەندێکی کورد خەڵات دەکات

یەکەم خانمە ئۆپێرا خوێنە لە جیهان ئەو خەڵاتە وەربگرێت

K24 – مۆسکۆ:

ژنە هونەرمەندی كوردی ئۆپێرای رووسیا سڤێتڵانا كاسیان، مەدالیای "شاسوار سیلڤیستەری پیرۆزی" لەلایەن پاپای ڤاتیكانەوە پێبەخشرا.

سڤێتڵانا كاسیان بە ناوەندی رییا نۆڤەستی راگەیاندووە كە رێورەسمی خەڵات بەخشینەكە لە رۆژانی "چەژنی پیرۆزدا" لە ڤاتیكان بەڕێوەدەچێ‌. 

مەدالیای "شاسوار سیلڤێستەری پیرۆز" خەڵاتێكی حكومی وڵاتی ڤاتیكانە و تایبەت ئەبەخشرێتە ئەو کەسانەی كە خزمەتی كڵێسای کاسۆلیکییان كردووە.

ئەم خەڵاتە بە شێوەیەكی سەرەكی دەبەخشرێت لەپای خزمەتی پیشەیی ‌و پڕۆفیشناڵ لە بواری زانستی، ئەدەبی، هونەری، ئەشێت ببەخشرێتە كەسانی سەر بە باوەڕەكانی تریش.

خاتوو كاسیان یەكەم هونەرمەندی ئۆپێرایە كە لە مێژووی ڤاتیكاندا ئەو خەڵاتەی پێدەدرێت.

كاسیان لەو بارەیەوە بە کوردستان24ی گوتووە: "ئەو راستیەی كە پاپای ڤاتیكان بەهرەی منی بەم خەڵاتە نرخاندووە، بەرپرسیارێتییەكی مەزن دەخاتە ئەستۆم، بەهرەی من موڵكی من نییە، بەڵكو بەخششی خودایە، هونەری من بۆ ئەوە نییە لەخۆبایم بكات، بەڵكە هۆكارێكە بۆ خزمەتی خوداو خەڵك".

دەشڵێت: "ئامانجم ئەوەیە جوانی خودایی پیشانی جیهان بدەم، رێنوێنبم كە خودا لە جوانیدا ئەژی، چەندی ئێمە دنیا جوانتر بكەین، هێندەش لە خوداوە نزیكتر دەبینەوە".

خاتوونی هونەرمەند ناوبانگی جیهانی پاش ئەوە دەركرد كە ئۆپێرای ژاكومۆ پوچینی (حوزن)-ی پێشكەشكرد، پاپای ڤاتیكان چەند جارێك خۆی ئامادەی ئۆپێراكانی خاتوونی هونەرمەند بوو لە ئیتالیا.

لە سەردەمی جیاجیادا ئەم خەڵاتە بەخشراوەتە سەركردەی رۆحی موسڵمانان- شازادە ئیسمایلیتەڤ ئاگا خان lV، كورە گەورەی دواین ئیمپراتۆری نەمسایی كارلی یەكەم ئێرسگێرتسەر ئۆتۆ گابسبورگ، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ماڵتا جۆرجیۆ بۆرگ ئۆلیڤیە.

سڤێتڵانا لە شاری باتومی جۆرجیا لە دایك و باوكێكی كوردی هونەردۆست لەدایكبووە، لە كەنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی مۆسكۆ خوێندوویەتی، خاوەنی دەیان بەرهەم و كاری هونەری و خەڵاتی نێودەوڵەتییە.

ئامادەكردنى : هێمن تاهیر

H.J