ملیاردێرە چینییەکە واز لە پۆستەکەی دەهێنێت و ژیانی بۆ گەلەکەی تەرخان دەکات

"بەهای کۆمپانیاکەی 400 ملیار دۆلارە"

K24 – هه‌ولێر:

ناودارترین کەسایەتی چین، جاک ما، دەست لە سەرۆکایەتی ئەو کۆمپانییایە دەکێشێتەوە کە بەهاکەی زیاد لە 400 ملیار دۆلارە و بە نەداری و هەژاری دروستیکرد.

جاک ما بۆ خەڵکی چین تەنها بازرگانێک نییە، بەڵکو مامۆستا و هاندەرێکی گەورەی گەنجانە کە دەیان پڕۆژەی بۆ باشترکردنی سیستمی پەروەردەیی چین ئەنجامداوە.

جاک ما بە مووچەی 12 دۆلار پێشتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ مامۆستا بوو، پێش ئەوەی ببێتە مامۆستاش، لە 30 شوێنی کار وەرگرتنی رەتکرابوەوە، بەڵام دوای دانانی کۆمپانیای عەلی بابا کە تایبەتە بە چەند بازرگانییەکی ئینتەرنێتی وەک کڕین و فرۆشتن و ئاڵۆگۆڕی دراو، بووە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی جیهان، دوای چۆڵکردنی پۆستەکەشی، بڕیاری داوە وەک راوێژکار یارمەتی گروپی کۆمپانیاکانی بدات.

ما گرنگی زۆر بە خەڵکی وڵاتەکەی دەدات و هەمیشە ئامۆژگارییان دەکات و هانیان دەدات کە بێ ئومێد نەبن لە کاتی شکستدا.

بەگوێرەی هەواڵێکی سی ئێن بی سی، ما لەکاتی قسەکردنی بۆ کۆمەڵێک گەنج رایگەیاندووە: "تەمەنی 20 ساڵی بۆ فێربوونە، 30 بۆ 40 بۆ سەرکێشی کردنە، کاتێکیش تەمەنت بووە 50 ساڵ، ژیانت لە فێرکردن و رۆشنبیرکردنی ئەوانیدیکە بەسەربەرە".

جاک ما دەشڵێت: "من بیری مامۆستایی زۆر دەکەم. من بە رێککەوت بوومە بازرگان. مامۆستای و فێرکردن شتێکە کە من هەستدەکەم زۆر تیایدا باشترم تا بازرگانی".

ئەو مامۆستایە ئامۆژگاری بۆ گەنجان ئەوەیە: " ئەوە گرنگ نییە لە ژیان کە چەندت بەدەستهێناوە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە بە چەند هەڵە و رۆژانی سەختدا تێپەڕیویت. ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتووبیت، لە هەڵەی ئەوانی دیکەوە فێربە نەک لە چیرۆکی سەرکەوتنییان".

لەبارەی مانەوەی لە دەسەڵاتیش ئەو بازرگانە دەڵێت: "هیچ کەسێک ناتوانێت بۆ هەمیشە ئەرکی سەرۆک و بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەببات".

جاک ما تەنها بە بیرۆکەیەک کە بەجیهانی کردنی کۆمپانیا بچووکەکانی چین بوو توانی ببێتە خاوەنی نزیکەی 40 ملیار دۆلار و یەکێکە لە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەڵام ئەوەی شانازی پێوەدەکات ئەوەیە کە گەلەکەی وەکو مامۆستایەکی نیشتیمانی دیبینن و ژیان و سامانەکەی بۆ پێشخستنی لاوانی وڵاتەکەی تەرخانکردووە.

H.J