چین مانگی دەستکردی رووناکی دروست دەکات

چیدیکە کارەبا بۆ رووناکردنەوەی شەقامەکان بەکارناهێنن

K24- هه‌ولێر:

تەلەڤزیۆنی فەرمی حکومەتی چین رایگەیاند، تا ساڵی 2020، بۆ کەمکردنەوەی تێچووی روناکردنەوەی شەقامەکان بەشەودا، چین مانگێکی دەستکرد بۆ ئاسمانی وڵاتەکەی دروست دەکات.

لە ئێستادا شاری چیندگدو کە دەکەوێتە هەرێمی سیشوان، کار لەسەر دروستکردنی سەتێلایتی پرشنگدار دەکات کە دەکرێت 10 جار رووناکی لە مانگی ئاسایی زیاتر ببەخشێت.

ئەگەر ئەو داهێنانە سەرکەوتووبێت، تا ساڵی 2022، چین سێ مانگی دەستکردی هاوشێوە بەرهەم دەهێنێت.

ئەو مانگە دەستکردە توانای رووناکردنەوەی رووبەری 50 کیلۆمەتر چوارگۆشەی هەیە و بەهۆیەوە ساڵانە حکوومەتی چین 170 ملیۆن دۆلار تێچووی کارەبای لە هەر شارێک بۆ دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەی سەرەکی رووناکی ئەو جۆرە مانگە، رووناکی خۆر و مانگ دەبێت، واتە مانگە چینییەکە رووناکی لە خۆر و مانگی سروشتی وەردەگرێت و جارێکی دیکە دەیداتەوە.

H.J