کچێکی تەمەن شەش ساڵ دەبێتە فریادڕەسی باوکی

باوکی بە رووداوی هاتووچۆ ئیفلیج دەبێت و دایکی بەجێیان دەهێڵێت

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئەوەی باوکی لە رووداوێکی هاتووچۆ ئیفلیج دەبێت، دایکیشیان بەهۆی هەمان رووداو جێیان دەهێڵێت، کچێکی تەمەن شەش ساڵ ئەرکی بەخێوکردنی باوکی و ماڵ دەگرێتەوە ئەستۆ.

جیا جیا، ئەو کچە منداڵەیە کە سۆزی ملیۆنەها هاووڵاتی وڵاتی چینی بۆخۆی بردووە، بەوەی بەردەوام خزمەتی باوکە ئیفلیجەکەی بە ناوی تیان هایچێنگ دەکات و ناهێڵێت هەست بە بێکەسی بکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی میرۆر، لە ساڵی 2016، تیانی تەمەن 40 ساڵ بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە سنگی بەرەوە خوارەوە دووچاری ئیفلیجی دەبێت و بەهۆیەوە هاوسەرەکەی جێیدەهێڵێت، بەڵام تاقە کچەکەی ژیانی بۆ باوکی تەرخان دەکات.

جیا بەیانیان کاتژمێر 6 لە خەو هەڵدەستێت، باوکی دەخاتە سەر کورسییەکەی و نانی پێدەدات، مەساج بۆ ماسوولکەکانی دەکات، پاشان دەچێت بۆ قوتابخانە، ئێوارانیش یارمەتی باوکی دەدات لە خواردن و گەڕانی بە ماڵەکەدا.

ئەو کچە فێری ریشتاشین و شۆردنی باوکی بووە، هەروەها شەوان پێش خەوتن ددانەکانی باوکی دەشوات و دەیخاتە سەر جێگەکەی.

باپیری جیا کە تەمەنی 60 ساڵە، ئاگای لە تیانی کوڕی دەبێت تا ئەو کاتەی جیا لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە، لەو بارەشەوە ئەو کچە دەڵێت: "هەرگیز هەست بە ماندوو بوون ناکەم چونکە من ئاگام لە باوکممە".

تیان ژیانێکی خۆش و ئاسایی بەسەر دەبرد، مانگانە نزیکەی 700 دۆلار مووچەی وەک کرێکاری بیناسازی وەردەگرت، بەڵام ئۆتۆمبێلێک ژیانی تێکدەدات و ئیفلیج دەبێت، پزیشکانیش دەڵێن، گیان لەدەستنەدانی بۆخۆی مایەی سەرسامییە و ئەگەری چاکبوونەوەی نییە.

تیان و هاوسەرەکەی خاوەن جیا و کوڕێکی تەمەن دوو مانگ بوون، بەڵام دوای رووداوەکە، رۆژێک هاوسەرەکەی دەڵێت دەچم سەردانی خزمەکانم دەکەم، بەڵام کوڕەکەی دەبات و هەرگیز ناگەڕێتەوە.

دوای ئەو رووداوانە، تیان دەیەوێت خۆی بکوژێت بەڵام کچەکەی پێی دەزانێت و بە گریانەوە پێی دەڵێت: "باوکە نابێت تۆ بمری، دەنا من چیدی باوکم نابێت، دایکم نییە، ئەگەر تۆ بڕۆی ئیتر کەسم نابێت".

H.J