"دڵێك نییە بۆ خۆشەویستی ناچارین بڵێین ماڵئاوا"

كەژاڵ ھەمووكات خۆشەویستی خاك و نیشتمانی لە دڵدابوو
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە تەمەنی 50 ساڵیدا خانمە شاعیر کەژاڵ ئیبراھیم خدر، بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کردوو لە دوای خۆی بێجگە لە ھاوسەر و دوو کچ و کوڕێك، زیاتر لە 32 دیوانی چاپکراوی شیعری بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئەمازیغی بەجێشتووە، جگە لە کەس و کارەکەی بەشێك لە نووسەرانیش باس لەوە دەکەن کەژاڵ ئیبراھیم، شاعیرێکی كورد پەروەر و خۆشەویست بووە لای خەڵكی كوردستان.

رێبوار محەمەد، ھاوسەری كەژاڵ ئیبراھیم خدر، كە 28 ساڵ ھاوژین بوون لەبارەی كۆچی دوایی كەژاڵ دەڵێ: "رۆژێك لە رۆژان بیرم لەوە نەكردووەتەوە كە بێمە سەرگۆڕی ھاوسەرەكەم، ئەو شاعیرەی كە ھەمووكات خۆشەویستی خاك و نیشتمانی لە دڵدابوو".

کچەکانی و کەسو کارەکەی وەك خۆیان دەڵێن، شیوەن بۆ کەسێك دەکەن کە لەبەر تێکستە ئەدەبیەکانی و زیاتر لە 135 خەڵاتی رێزلێنانی وڵاتانی عەرەبی وەرگرتووە و لە ناوخۆشدا 80 خەڵاتی رێزلێنانی پێدراوە.

کەژاڵ ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و کتێبخانەکەی لەگەڵ بەشێك لە بەرھەمە چاپ نەکراوەکانی بە جێدەمێنن، ئەم خانمە زیاتر لە 140 پارچە شیعری بۆ سەر زۆرێك لە زمانە بیانییەکان وەرگێردراوە.

 عەدالەت عەبدوڵڵا، نووسەر و  مامۆستای زانکۆ بە كوردستان24 گوت: "كەژاڵ ئیبراھیم خدر، لەوە دەرچوو بوو كە تەنھا شاعیری كورد بێت و خوێنەرانی تەنھا لە كوردستان بن، بەڵكو خەڵكی بیانی شیعرەكانیان دەخوێندەوە، كەمن ئەو شاعیرانەی دەتوانن سنووری وڵاتی خۆیان تێپەڕێنن و لەلایەن كولتووری دیكە بناسرێن".

کەژاڵ ئیبراھیم خدر، لە ساڵی 1968 لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە دایکبووە و لە 1987ەوە دەستی بە نووسین کردووە، لە 23/4/2018 لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

كەژاڵ لە شیعرێكدا دەڵێ:

چاوێك نییە بۆ عەشق

دڵێك نییە بۆ خۆشەویستی

ناچارین بەم خاكە بڵێین ماڵئاوا

ھ.م