چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما دەست پێدەكات

چەندین گرووپی بیانی بەشداری دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما دەستی بەكارەكانی كرد و ژمارەیەك گرووپی وڵاتی بیانی و ناوخۆیی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكەدا كردووە.

ھیوا سوعاد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "چەند وڵاتێكی بیانی بەشداریان لە فێستیڤاڵەكەدا كردووە كە بریتین لە مەغریب، لوبنان، ئێران، ھەروەھا چەند گرووپێك لە شارەكانی عێراق بەشدارییان تێدا كردووە، لە ھەرێمی كوردستان سلێمانی و دھۆك و ھەولێر بەشدارن. جگە لەوەش چەند كەسایەتییەكی ناسراو لەبواری شانۆ وەك میوانان بەشداری لە فێستیڤاڵەكە دەكەن".

گوتیشی: "بەشێك لە كەسایەتییە دیارەكانی نێو شانۆ بە كۆڕ و سیمینار بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما دەكەن، دوای نمایشی شانۆیی گفتوگۆی رەخنەیی ئەنجامدەدرێت، ئامانجی ئێمە لەو چالاكیانە بەرزكردنەوەی ئاستی شانۆكارانی كوردە و دەمانەوێت ئەزموونی وڵاتانی دیكە ببین".

ھیوا سوعاد، گوتیشی: "كارەكانی دواییمان گەواھی ئەوە دەدەن كە ئەنجامدانی فێستیڤاڵ وایكردووە گۆڕانكاری بەرچاو لە شانۆی كوردی رووبدات، ھەروەھا تێگەیشتنی ھونەرمەندانی كورد بۆ شانۆ گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە".

ھ.م