گۆرانیبێژێکی ناوداری ئیرلەندا موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاند

"دەمەوێت رایبگەیەنم کە بە شانازییەوە بوومەتە موسوڵمان"

K24- هه‌ولێر:

سینید ئۆکۆنەر، گۆرانیبێژی رۆکستاری ئیرلەندی، موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاند و ناوەکەشی گۆڕی بۆ شوهەدا.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، سینید دایکی چوار منداڵە و بارودۆخی دەروونی باشنەبووە، بەڵام لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "دەمەوێت رایبگەیەنم کە بە شانازییەوە بوومەتە موسوڵمان".

ئێستا ئەو گۆرانیبێژە ناوی شوهەدا داڤیتە و وێنەی پرۆفایلی تویتەرەکەشی گۆڕیووە بۆ نووسینێک: "سەرپۆش بپۆشە، ئەوە بکە".

هەینی رابردوو، شوهەدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تیایدا بانگی ئیسلامی دەدات، دواتریش نووسی: "ئەمە هەوڵی منە بۆ خوێندنی بانگدان، بەڵام سەدانی دیکەشی بەدوادا دێت. لە هەڵەکانم ببورن، بۆ یەکەمجار 30 جار راهێنانم کرد بەڵام وادەکەم خەڵک نەتوانێت لەکاتی گوێگرتن لێم رووی وەرگێڕێت".

پێشتر ئەو خاتوونە پەیڕەوی مەسیحییەتی کردووە، بەڵام ئێستا پێیوایە هەموو ئاینەکان دەچنەوە سەر ئیسلام و لە تویتەرەکەی نووسیویەتی: "ئەمە گەیشتنە بە دواین باوەڕم لەبارەی ئایینەکان. هەموو نوسراوە ئاسمانییەکان دەچنەوە سەر ئیسلام، ئەمەش وادەکات ئەوانیدیکە تەنها بکاتە نووسینێکی دووبارە. من ئیدی ناوێکی دیکەم دەبێت، ئەوەش شوهەدا دەبێت".

لە ساڵی 2017 شوهەدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوەو و تیایدا رایگەیاند کە ئەو دژی بیرە خۆکوژییەکانی دەجەنگێت، پێشتریش چەند جارێک دووچاری کێشەی یاسایی بووە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

ئەو گۆرانیبێژە چوار جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵی 1966 لە دایکبووە و لە ساڵی 1980 بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی "ڵایەن ئەند کۆبرا" بووە کەسێکی ناوداری ئیرلەنداو جیهان و هەوادارێکی زۆری بۆخۆی پەیداکرد.

گۆرانی "هیچ شتێک بەروارد ناکرێت بەتۆ"، خاوەنی نزیکەی 100 ملیۆن تەماشاکەرە لە سایتی یوتیوب

H.J