ئەلیسا کلیپێکی هەژێنەری لەسەر نەخۆشییەکەی بڵاوکردەوە

"ئەگەر بمرم، خەمی خۆمم نییە بەڵکو خەمی ئەوانەمە کە خۆشم دەوێن"

K24 – هه‌ولێر:

خانمە گۆرانیبێژی ناوداری جیهانی، ئەلیسا، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپ و گۆرانییەکی نوێ، چیرۆکی جەنگی خۆی و شێرپەنجەی مەمک دەگێڕێتەوە.

ئەلیسا لە 26/12/2017، دەستیکرد بە وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکە و لەو پڕۆسەیەشدا خەڵکانێکی زۆر لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتگیری و هاوخەمییان بۆ دەربڕی.

دەقی پەیامەکەی ئەلیسا کە لە کلیپەکەیدا ئاراستەی گوێگرانی دەکات و تیایدا وردەکاری پڕۆسەی چارەسەرییەکانی دەگێڕێتەوە:

ئەو ساتەی کە بیر دەکەیتەوە و لە خۆت دەپرسی...ئایا من جارێکی دیکە خۆشەویستانم دەبینمەوە؟ ئەوانەی خۆشیان دەویستم.

ئایا ئێستا ئەو ساتەیە کە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە؟ بەیانی بوونم نامێنێت؟

ئەزانن وەڵامی پزیشکەکە چیبوو کاتێک پرسیم، "دکتۆر، من بەهۆی ئازارەکانم دەمرم؟"

تەماشای کردم و گووتی: "تۆ مێشکت لەدەستداوە؟"

"تۆ تاکو ئێستا بەوەت نەزانیووە، ئەو نەخۆشییەی تۆ هەتبوو کوشندەبوو".

"تۆش دەژیایت وەک ئەوە دووچاری هەڵامەت بووبیت، وەک ئەوەی لە دوو رۆژدا رزگارتبێت لەدەستی، تۆ پشووشت نەدەدا!"

من دانیشتنەکانی رادیۆسێرەپیم(چارەسەر بە تێشکی ئێکس-رەی) ئەنجام دەدا، دەچوومە ستۆدیۆ، دانیشتنێکی دیکەم ئەنجام دەدا و پاشان بۆ دوو رۆژ پشووم وەردەگرت و جارێکی دیکە دەچوومەوە ستۆدیۆ.

هەفتەی جارێک لە تەلەفزیۆنەکان راستەوخۆ دەردەکەوتم.

هەندێکجار، ئەو کەسەی خەمی بۆ دەخۆم، خۆم نیم، ئانجییە(دەرهێنەری ڤیدیۆ کیلپەکە).

خەفەت بۆ ئەوانە دەخۆم کە بە راستی خۆشم دەوێن.

ئەم گۆرانییە بۆ هەموو ئەوانەیە کە خۆشمان دەوێن.

وە من ئێوەم زۆر خۆشدەوێت...زۆر...

لە دوای تەواوبوونی گۆرانییەکە، ئەلیسا دەڵێت، من باشبووم، شکستم بە نەخۆشییەکە هێنا... من بردمەوە.

ئاگاداربوون لە نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک دەتوانێت ژیانت رزگاربکات.

فەرامۆشیان مەکە، رووبەروویان ببەوە...

ئەوە تەنها بۆخۆت مەکە، بۆ هەموو ئەوانەی خۆشتدەوێن.

 

تێبینی: کلیپەکە 07/08/2018 لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.

H.J