شەڕی نێوان ئەنجێلینا جۆلی و براد پیت گەورە دەبێت

جیابوونەوە ناکۆکییەکانی چارەسەر نەکردوون

K24 – هه‌ولێر:

براد پیت، ئەکتەری ناوداری هۆڵییود، وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە کە ئەنجێلینا جۆلی هاوسەری پێشووی ئاراستەی کردوون.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، رۆژی سێشەممەی رابردوو، پارێزەرەکەی ئەنجێلینا جۆلی رایگەیاندبوو: "لە دوای جیابوونەوەی جۆلی، پیت بڕە پارەیەکی پێویستی بۆ پشتگیری منداڵەکانی خەرجنەکردووە".

لە وەڵامی ئەوەشدا، پارێزەرەکەی براد پیت ئەو هەواڵانەی بە خۆدەرخستنی میدیایی ناوبرد و راشیگەیاند: " پیت زیاد لە یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری کاش و 8 ملیۆن دۆلاریشی بە قەرز داوەتە جۆلی بۆ کڕینی خانو و پشتگیری منداڵەکانی".

پارێزەرەکەی جۆلی دەڵێت قەرزدان بە مانای پشتگیری منداڵەکە نایەت و دەبێت وەک باوکی، پیاوە ناودارەکەی هۆلیوود، 50%ی خەرجییەکان دابینبکات.

دەشڵێت: "دوو ساڵە جۆلی بەبێ یارمەتی پیت خزمەت بە منداڵەکانی دەکات. پشتگیری منداڵەکان دوای جیابوونەوە، شتێکی ناچارییە بە گوێرەی یاسا".

لە ساڵی 2005، ئەو دوو ئەکتەرەی هۆڵیوود پێکەوە بوون و لە ساڵی 2014، هاوسەرگیریان ئەنجامدا، بەڵام لە ساڵی 2016 جیابوونەوە.

لێدوانە دژ بەیەکەکانییان بۆتە هەواڵی میدیاکان و هەردوولا یەکدی بە پابەندنەبوون بە مەرجەکانی دوای جیابوونەوە تۆمەتبار دەکەن.

H.J