حه‌شدی شه‌عبی رێگه له هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌گرن
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان رێگه‌یان به هێزێكی ئه‌مه‌ریكی نه‌داوه له یه‌كێك له ناوچه‌كانی شاری مووسڵ به‌ناو شه‌قام و كۆڵانه‌كاندا بسووڕێنه‌وه.
حاجی ره‌زوان ئه‌لعنزی، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی حه‌شدی شه‌عبی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌و كاره‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان به ئیستیفزازیی و به ئه‌نقه‌ست ده‌بینین، ئه‌وه‌ش وای له ھێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كردووه نه‌یاری جووڵه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بن و به‌هۆی گرتنی رێگاكه نه‌هێڵن بسووڕێنهوهو راسته‌وخۆ هۆشدارییان بدرێتێ".
ئه‌لعنزی ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، له كاتی داخستنی رێگای به‌رده‌م كاروانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ترس و دڵه‌ڕاوكێ به‌رۆكی سهربازهكانیانی گرتووه، به‌و هۆیه‌شه‌وه داوای هاتنی فڕۆكه‌یان كردووه تا له كاتی هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ریان له ئاسمانه‌وه بیانپارێزن".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له رێگای ئه‌م نمایشانه‌وه ده‌یانه‌وێت شكسهتاكانیان له سووریا داپۆشن و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی بڕیاری پاشه‌كشه‌یان له‌و وڵاته و ده‌یانه‌وێت به‌م خۆدهرخستنانهیان ناسه‌قامگیریی له ناوچه تازه ئازادكراوه‌كان درووست بكه‌ن".