دوو دەرهێنەری کورد چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتی سینەمایان بردەوە

لە فیلمێکیدا جۆن تراڤۆڵتا رۆڵگێری سەرەکییە

K24 – هه‌ولێر:

فیلمی سینەمایی "Toren" لە دەرهێنانی نەوزاد شێخانی خەڵاتی Golden Foxی جیهانی بۆ باشترین فیلم لەبارەی ئایین بەدەستهێنا.

فیلمەکە باس لە مێژووی ئێزدییەکان و ئەو 74 جینۆسایدەی بەسەریاندا هاتووە دەکات و لە ساڵی 2018 کارەکانی تەواو بووە و بڵاوکراوەتەوە، هەر لەو ساڵەش چەند خەڵاتی جیهانی بردەوە.

 

نەوزاد شێخانی کە ئێستا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دادەنیشێت و هەر لەو وڵاتەش بەشی ئەکادیمیای فیلمسازی خوێندووە، خەڵکی باشووری کوردستانە و پێشتر لە ساڵی 2015، لە لایەن کۆمەڵگەی رۆحانی کوردی ئێزدیی، وەک رێزلێنان بۆ کارەکانی، خەڵات کراوە.

لەبارەی خەڵاتکردنەکەی، نەوزاد شێخانی لە ساڵی 2015 بە کوردستان 24ی گوتوبوو: "ئەم رێزگرتنە بۆ لایەنی مەعنەوی من زۆر گرنگە و وام لێ دەکات بەردەوام بم لە کارەکانم".

هەروەها، "سیمفۆنیای شەنگال و پێشمەرگە" یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمەکانی ئەو دەرهێنەرەی کورد و هەوڵی داوە لە رێگای کارەکانی خەم و ئازارەکانی میلەتەکەی بە جیهان نیشان بدات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دەرهێنەرێکی دیکەی کورد بەناوی کارزان قادر، کە خەڵکی شاری سلێمانییە، دەرهێنانی بۆ فیلمێک کردووە بە ناوی Trading Paint کە لەو فیلمەدا رۆڵگێری ناوداری هۆڵیوود، جۆن تراڤۆڵتا تیایدا رۆڵگێڕی سەرەکییە.

یەکەمجارە، رۆڵگێڕێکی وەک جۆن تراڤۆڵتا بەشداری فیلمێک دەکات کە دەرهێنەرەکەی کوردە.

کارزان قادر لە ساڵی 1982 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و لە ساڵی 1990 هەرێمی کوردستانی بەرەو سوید جێهیشتووە، لە باشووری کوردستانیش، بە دەرهێنەری فیلمی "بێ کەس" ناسراوە.

H.J