سی ئێن ئێن باس لە ژیان و بوێری پێشمەرگەیەکی خۆنەویست دەکات

"هەزاران مینی بە چەقۆ و پلایسێک پووچەڵکردەوە"

K24 - هه‌ولێر:

كاتێك بەناو شەقامەكانی دھۆكدا پیاسە دەكەیت، لە زۆر شوێن رووی ھەمان مرۆڤ تەماشات دەكات. روویەك خاڵییە لە پێناسە و بێباكە لە سۆز. وێنەی ئەو لە دوكان و بازاڕەكانی ئەو شارە ھەڵواسراوە. ئەو لەناو دھۆكدا بە "فاخیری سەرشێت" ناسراوە، بە تەنھا چەقۆ و پلایسێك، تا ئەو ساتەی شەهید بوو، پاڵەوانی دەیان ساڵ پووچەڵكردنەوەی مینی چێندراو بوو.

فاخیر بەرواری، لە ساڵی 2003 لە سەروبەندی هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، بۆ یەكەمنجار وەك پێشمەرگەیەک یەكەم مینی پووچەڵكردەوە. دواتر لە ساڵی 2008، لە کاتی ھەڵگرتنەوەی مینێک لە نزیك شاری مووسڵ، قاچێكی لەدەستدا. بەڵام ئەو کارەساتە فاخیری نەوەستاند، وەك عەقیدێكی پێشمەرگە جارێكی دیكە لەكاتی جەنگی دژی داعش، دەستیكردەوە بە مین پووچەڵكردنەوە .

لە دوای پووچەڵكردنەوەی ھەزاران مین، لە ساڵی 2014، فاخیر دواجار باجی بوێری و خۆنەویستیدا و بە بۆمبێكی چەكدارانی داعش، گیانی لە دەستدا.

ھاوڕێ و ھاوكارانی فاخیر، چەندین گرتە ڤیدیۆی فاخیریان لەناو DVD یەك پاراستوە كە خێزانی ناوبراو لە دوای سێ ساڵ لە مردنی فاخیر، توانیان ئەو DVD یە بدۆزنەوە.

ئەو دۆزینەوەیەش، سەرەتایەك بوو بۆ دەرھێنەری كوردی دانیشتووی سووید، ھۆگر ھیرۆری، ھاوڕێ لەگەڵ فیلمساز، شینوار كەمال، دۆکۆمێنتارییەک بەناوی  دیماینەر (پووچەڵكەرەوەی مین) سەبارەت بە ژیانی فاخیر بەرھەمبھێنن.  

تۆڕی ھەواڵی سی ئێن ئێن، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ھۆگر ھیرۆری، ژیانی نەبەردی فاخیر و چۆنیەتی بەرھەمھێنانی فیلمەكە  زیاتر روون دەكاتەوە.

لە كوێ بیرۆکەی ئەم دۆکۆمێنتارییە بۆتۆ دەستی پێ كرد؟

لە ساڵی 2014 بوو، كاتێک داعش ھێرشیكردە سەر ھەرێمی كوردستان.  من لەوێ بووم بۆ بەرھەمھێنانی دۆکۆمێنتارییەکی دیكە و بەڕێكکەوت فاخیرم بینی. من دەربارەی ئەو زانیاریم ھەبوو، وەك پاڵەوانێكی ناوخۆ وێنا دەكرا لە ناوچەكەی ئێمە. منیش چووم بۆلای و پرسیاری دەرھێنانی فیلمێكم لێكرد. لە وەڵامدا گووتی: "نا، ببوورە، تۆ ناتوانی. ئامۆژگاریەكم لێ وەرگرە. بڕۆ بۆ ماڵە سەلامەتەكەی خۆت لە سووید. لەوێ بمێنەرەوە".

بەڵام  كاتێك زیاتر قسەمانكرد، فاخیر گووتی: "لە راستیدا كەسێك ھەیە كە فیلم دەربارەی من بەرھەم دەھێنێت و ناوی شینوار كەمالە. ئەگەر دەتەوێت شتێك بكەیت، بڕۆ لەگەڵ ئەو قسەبكە، چونكە ناكرێت دوو تیمی جیاواز، دوو فیلم دروست بكەن. ئەوە زۆر ترسناكە".

چیت بیردێت دەربارەی مردنی عەقید فاخیر؟

دوای سێ مانگ لە یەكتر بینینمان، فاخیر گیانی لەدەستدا. من لە سووید بووم. كاتێك فەیسبووكم كردەوە، تەواوی وێنە و ھەواڵەكان دەربارەی مردنی ئەو بوو. من زانیم كە ئەوە شتێكی باش نییە. خێرا تەلەفونم بۆ شینوار كرد و لە سەلامەتی ئەوانم پرسی. ئەو و تیمەكەی لە دەرەوەی خانووەكە بوون (پووچەڵكردنەوەی مینەكە لە خانوویەك بووە). بەڵام ئەوانەی لە ناو بیناكە بوون كە بریتی بوون لە فاخیر و دوو ھاوكاری كە ڤیدیۆیان تۆماردەكرد، گیانیان لەدەستدا.

كاتێك مرد ، پڕۆسەی بەرھەمھێنای فیلمەكە ئاڵۆز بوو. چەند چیرۆكێك ھەبوو كە بە كوورتی مانەوە.

ئەرشیڤەكان لە كوێ دۆزرانەوە؟ ئەوان لە چ دۆخێکدا بوون؟

زۆربەیان لە ساڵی 2017 دۆزرانەوە، سێ ساڵ دوای مردنی فاخیر. ڤیدیۆكان لە لایەن كەسێكی ناشارەزا تۆمار كرابوون كە شۆفێری فاخیر بوو. ئەو ھێشتا كەمێك شۆك بووە كە دەزانێت ڤیدیۆكانی لە فیلمێكدا نیشان دەدرێن.

گرتە ڤیدیۆیەكان بەرواریان لەسەر نەبوو بۆیە لۆژیكیان بە تەواوی تێدا نەبوو. كاتێكی زۆرمان بەسەر برد بە قسەكردن لەگەڵ ھاوڕێ و ھاوكارانی فاخیر تا بتوانین شتەكان پێكەوە گرێ بدەینەوە. ئەمەش وایكرد ئێمە 78 ڤێرژنی جیاوازمان ھەبێت پێش بەرھەمھێنانی فیلمەكە.

چی وای لە عقید كرد ئێوە كارەكانی بكەنە فیلم؟  

 فاخیر و تیمەكەی دەیانویست ئەوەی دەیكەن ببنە بەڵگەیەك ھەمووان بیبینن كە ئەوان چیان ئەنجام داوە. مەبەستێكی دیكە ئەوە بووو نیشانی بدەن مینەكان لە چی پێكدێن و لەكوێ دەچێندرێن و چۆن پووچەڵدەكرێنەوە. ئەمەش بۆ ئەوە بوو تیمەكانی دیكە لێوەی فێربن. بەڵام دوای ماوەیەك ئەوە بووە بەشێك لە ژیانی رۆژانەیان. ئەوان ھەمیشە كامێرایەك ھاوڕێیان بوو.

بۆچی بەرواری پۆشاك و ئامرازی خۆ پاراستنی وەك تیمەكانی دیكەی پوچەڵكردنەوەی مین بەكار نەدەھێنا؟

 ئەو ئامرازە پارێزەرانە ھەبوون بەتایبەت بۆ تیمە راھێنراوەكان. بەڵام بەکارهێنانیان ئاڵۆزبوو و كاتی زۆریشی بەفیڕۆدەدا. گروپێكی پوچەڵكردنەوەی شارەزای مین، تەنھا یەك مینی لە رۆژێكدا پووچەڵدەكردەوە و پاشان دەچوونەوە نێو ماڵ و خێزانیان. فاخیر دەیتوانی لە رۆژێكدا 100 مین پووچەڵبكاتەوە.

لە دیمەنی یەكەم پووچەڵكردنەوەی مین لە لایەن فاخیرەوە، دەردەكەوێت ئەمەریكییەكان دەڵێن: "ئەم پیاو چی دەكات؟". ئەوان دیاربوو لە مێژبوو، چاوەڕوانی ھاتنی تیمی تایبەتی پوچەڵكردنەوەی مینیان دەكرد. ئەو مینە تۆقێنەرەی کە لە هەرساتێک ئەگەری هەبوو بتەقێتەوە. فاخیر بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ تیمێک بکات، دەچێت وایەرەكانی مینەكە دەبڕێت و دەڵێت: "تەواو بوو".

دەتوانی مەزندەی ئەوە بكەیت كە فاخیر چەند مینی پووچەڵكردۆتەوە؟

لە رۆژەكانی سەرەتادا لە مووسڵ، نزیكەی 600 مین دەبوون بەڵام دواتر ژماردنیان بۆ نەدەكرد. لەكاتی جەنگی دژی داعش لە ساڵی 2014، ئامارەكان دەڵێن كە سێ بۆ چوار ھەزار مین بوون لە ماوەی سێ مانگدا. لە دیمەنێكدا دەردەكەوێت كە ئەوان مینەكان دەخەنە ناو بارھەڵگرێك و بە دەم ژماردنەوە دەڵێن: "ئەمە ھەزار و 50 مین". ئەمەش تەنھا لە ماوەی سێ ھەفتە لە پووچەڵكردنەوەی میندا بووە.

فیلمەكە كاریگەری وێرانكەری تەقینەوەكان لانابات. ئەوە سەخت بوو كە بڕیار بدەن كە چی نیشان بدەن و چی نیشان نەدەن؟

لە راستیدا ماددەكان سانسۆری زۆریان لەسەرە و زۆر بە ھۆشیاریەوە ھەڵبژێردراون. ئەگەر ئێمە ھەموو ئەرشیفەكانمان نیشاندایە، ئەوا كەس نەیدەتوانی تەماشای بكات، تەنانەت بۆ چەند چركەیەكیش. بەشە جیاوازەكانی جەستە لە ھەموو شوێنێك دەپەڕین و خەڵك بەردەوام ئازاری پێدەگەیشت.

ئەو رووداوەی كە تیایدا فاخیر قاچێكی لەدەست دەدات، بەشێكی گەورەی ژیانی فاخیر و كەسایەتییەتی. دەبوو ئێمە ئەو چیرۆكە نیشان بدەین، بەڵام دواجار ئەوەشمان لابرد. خراپترین بەشی ئەو كاتەیە كە فاخیر بە تەنھا قاچێكەوە دەخەنە ناو ڤانێك، ئەوە تەواو نەشیاو بوو.

دەتوانی ئەوەی لە فاخیر جێماوە بۆ خەڵكێك كە ئاشنا نین بەم چیرۆكە شی بكەیتەوە؟

لە شارەكەی خۆی(دھۆك)، كەس نییە نەزانێت فاخیر كێیە. بەڵام ئەوەی ئەو جێی ھێشت پەیامێک بوو. ھەرگیز جیاكاری نە دەكرد لە نێوان خەڵك بە گوێرەی رەگەز ،باری ماددی، كورد و عەرەب بوون. ئەوان تەنھا خەڵك بوون بۆ ئەو. ئەو دەیویست یارمەتی خەڵكی دیكە بدات و ئەوەش بەردەوام بێت.

دەتەوێت بینەران چی لەو فیلمە وەربگرن؟

خۆشەویستی زیاتر و كینەی كەمتر. من دەمویست نیشانی بەدەم كە مینەكان چەند مەترسیدارن و ژمارەشیان چەندە لەو ناوچەیە. لەگەڵ ئەوەی كە خەڵك كاریگەری كەسایەتی فاخیریان لەسەر جێبمێنێت...ئەوەی كە یارمەتی مرۆڤەكانی دیكە بدەین و كارێك ئەنجام بدەین دژی  بارودۆخە دژوارەكان.

من دەمویست نیشانی بدەم كە بۆچی خەڵك لە راستیدا ئەو ناوچانە جێدەھێڵێن و دێنە ئەوروپا. ئەوە بۆ سوود بینین و دەستکەوتنی پارە نییە. ئەوان لە بارودۆخێکی زۆر خراپ ھەڵدێن.

بەڵگە فیلمی دیماینەر لە 27ی نیسانی ئەمساڵ لە بەریتانیا بۆیەكەمینجار پەخشكرا و پێشتریش لە 28ی مانگی ئادار لە وڵاتی سووید پەخشكرابوو. بەڵگە فیلمەكە لە كاتژمێرێك و 23 خولەك پێكھاتووە و چیرۆکی ژیانی پێشمەرگەیەكی خۆنەویست دەگێڕێتەوە.

دوای شەهیدبوونی عەقید فاخیر بەرواری، دامەزراوەی كوردستان24 بۆ توێژینه‌وه‌ و راگه‌یاندن، دۆکۆمێنتارییەکی لەسەر ژیان و کارەکانی ئەو پێشمەرگەیەی کوردستان بەرهەمهێنا.

H.J