حەکیم کاکە وەیس خاوه‌نی 28 كتێب بوو

لە تەمەنی 69 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

نووسەرو وەرگێڕی کورد حەکیم کاکە وەیس، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 69 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، ئەو خەڵکی شاری کەرکووك بوو لە ماوەی ژیانیدا 27 کتێبی چاپکردووە و بیست و هەشتەمینیشی ڕۆمانێک بوو بەناوی "سەگەکەشیان چوارەمیان بوو" کە چەند کاتژمێرێك بەر لە مردنی چاپکرا، ئەو ئێش وئازاری میللەتێکی هەڵگرتبوو، بەرهەم و نووسینەکانیشی سەرجەمیان گوزارشت بوون لەو نەهامەتیانەی کە بەسەر کورددا هاتوون.

زۆربەی بەرهەمەکانی حەکیم کاکە وەیس، ئاوێتە ئێش و ئازاری میللەتەکەی بوو، ئەو وەك هەرکوردێك ئاواتی سەربەخۆیی لە هزریدا رۆژ بە رۆژ زیاتر چەکەرەیکردووە و بە وشەکانیشی لەبەرامبەر نەیاران وەستاوە.

حەکیم کاکە وەیس، لە دایکبووی ساڵی 1949ی شاری کەرکووکە، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لەتەمەنی 69 ساڵیدا لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی بەغدا کۆچی دواییکرد، دوای خۆی چوار کوڕ و کچێکی بۆ نیشتمان بەجێهێشت، بە مردنیشی وەک هاوڕێ و دۆست و کەسووکارەکەی دەڵێن، کەلێنێکی گەورەی لە ئەدەب و وشەی کوردی بەجێهێشت.

ھ.م