ناساندنێکی کورتی چەمکی بوونگەرایی

پێناسەی بوونگەراکان بۆ ژیان چییە؟

K24 – هه‌ولێر:

بوونگەرایی Existentialism، چەمکێکی فەلسەفییەوە و بوونگەراکان پێیان وایە خود (تاك) بەرپرسە لە هەموو شتێکی خۆی و خۆی گەشە بە داهاتووی دەدات، بە تەواویش خاوەنی بژاردەی سەربەخۆیە.

ئەمەش مانای وایە، یاساکانی سروشت و مۆراڵ بوونیان نییە و هەر مرۆڤێک بەرپرسە لە هەڵسووکەوتەکانی خۆی.

لە شیکردنەوەی ئەم چەمکەدا، زۆرێک لە فەیلەسووفە بوونگەراکان بە تەواوی یاسا کۆنەکانی مۆراڵ و سروشت رەت ناکەنەوە، بەڵکو هانی مرۆڤ دەدەن، خاوەنی بڕیارێکی ئەقڵانیی خۆیان بن لە ناو جیهانێک کە نا ئەقڵانییە.

"ئێمە ماناکان نادۆزینەوە، بەڵکو دروستی دەکەن"

زۆر کەس بە هەڵە لەم دەستەواژەیە تێگەیشتوون، خەڵک پێیان وایە بوونگەراکان بەم رستەیە ژیانیان بێ مانا کردووە، بەڵام فەلسەفەی راستی بوونگەراکان ئەوەیە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت مانەیەک بە ژیانی ببەخشێت، دەبێت شتگەلێک دروست بکات کە بۆ خودی خۆی و چواردەورەکەی گرنگە. رەنگە ئەوە کارێکی هونەریی، نووسینێک، کارێکی خێرخوازیی یان خزمەتکردنی کەسێک بێت. واتە، هەر شتێک بۆ تۆ مانادارە، ئەو شتە ژیانتە، چونکە لە رێگای ئەو ژیانت مانای هەیە.

کەواتە، مانای ژیان ئابستراکت نییە، بەڵکو مرۆڤ دەبێت خۆی دروست بکات.

ئەزموونی تۆ تەواو دەگمەنە

مادەم ژیان بە بێ مانای خۆمان پووچە، هیچ دوو کەسێک ناتوانن ئەزموونی ژیان وەک یەک بکەن. بە واتایەکی دیکە، کەس ناتوانێت دادگایی تۆ بکات، چونکە هەرگیز نازانن تۆ بە چیدا رۆیشتووی.

مۆراڵ

بۆ بوونگەراکان، مرۆڤ خۆی دیاری دەکات کە کەسێکی بێ مۆڕاڵ یان بە مۆڕاڵ بێت، بە جۆرێکی دیکە خۆت دیاری دەکەیت کە کەسێکی "باش" یان "خراپ" بیت، ئەمەش وات لێت دەکات، 100% بەرپرسیار بیت لە هەر کارێک کە دەیکەت.

مێژوو

ژان پاول سارتەر یەکێک بوو لەو فەیلەسووفانەی لە سەدەی 20 بە پرسیارێک گەشەی زیاتری بە بوونگەرایی دا ئەوەیش، "مانای چییە ئەگەر خۆم بم؟"بوو، بەڵام سۆرێن کیەرکێگۆر دانیمارکی بە "باوکی بوونگەرایی" دادەنرێت.

جیا لەو دوو فەیلەسووفە، هەریەک لە ئەلبێر کامو، فرێدریک نیچە، سیمۆن دیبوڤوار و دۆیستێڤسکی بە هاوڕێبازی بوونگەرایی هەژمار دەکرێن و چەندین بەرهەمی ئەدەبی جیاوازی وەکو رۆمان، وتار، شانۆ و بەدواداچوونیان لەبارەیەوە نووسیووە.

کاریگەری بوونگەرایی لەسەر کۆمەڵگەی رۆژئاوا

دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئە رێبازە بە تەواوی رەگی خۆی لە ئەوروپا داکووتا، ئەمەش بەهۆی شکستی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتی ئەوروپا.

سارتەر و کامو لە رێگای نووسینەکانیان، رەخنەی زۆریان لە حکوومڕانی کلێسا و سیستمە سیاسییەکانی ئەو کاتی ئەوروپا گرت، داوای ئازادی و سیستمێکی نوێیان کرد، تەنانەت هەندێک لە توێژەران هۆکاری گەشەی بوونگەرایی لە سەدەی 20 بۆ "تینوویی خەڵکی ئەوروپا بۆ ئازادی رەها" دەگەڕێننەوە.

چەند ووتەیەکی فەیلەسووفان کە گوزارشت لە بوونگەرایی دەکەن:

"هەرگیز پێویست ناکات لە هیچ شوێنێک بۆ هەمیشە بمێنیتەوە"

"ئەمڕۆ زانیم هیچ شتێک لە جیهاندا، هێندەی ئەو رێگای بەرەو خۆت دەتبات بێ چێژ نییە".

"قووڵترین فۆرمی خەمناکی ئەوەیە بڕیار بدەیت جیا لە  خۆت ببیتە کەسێکی دیکە".

'هەرگیز دڵخۆش نابیت ئەگەر بە دوای ئەوەدا بگەڕێیت کە دڵخۆشی لە چی پێکدێت، هەرگیز ناژیت ئەگەر بتەوێت بزانی مانای ژیان چیە"

"مرۆڤ خۆی تابلۆیەک بۆخۆی لە جیهان دەکێشێت، لە دەرەوەی ئەو تابلۆیە، هیچ مانەیەکی نییە"

 H.J