سوپەر ساکۆ کۆنسێرتێک لە ھەولێر سازدەكات

كاتی سەردانەكەی بۆ ھەرێمی كوردستان رادەگەیەندرێت
kurdistan24.net

K24- ھەولێر

گۆرانیبێژی ئەرمەنی سوپەر ساکۆ، بەنیازە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە کوردستان کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیك ئەنجام بدات.

کۆمپانیای ڤوکا ئەگێنسی ئەم کۆنسێرتە ئامادەدەکەن و بەڕێوەی دەبەن، گێزیم مستەفا، سەرپەرشتیاری کارەکانی کۆمپانیاکە بە کوردستان24ی رایگەیاند: "لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنسێرتەکە لە شاری ھەولێر ئەنجام دەدرێت، تیکتی کۆنسێرتەکەش لە 50 دۆلار دەستپێدەکات تاوەکو 200 دۆلار، دەیانەوێت ھەندێک چالاکی دڵخۆشکەر لە کوردستان بەتایبەتی شاری ھەولێر ئەنجام بدەن گەنجانی کورد بەشداری تێدا بکەن".

رێکخەرانی کۆنسێرتەکە پێشبینی ھاتنی دەکەن زیاتر لە ھەزار کەس لە شارەکانی کوردستان و عێراق بەشداری لەو کۆنسێرتەدا بکەن.

 سوپەر ساکۆ خەڵکی ئەرمینیایە و یەکێکە لە گۆرانیبێژە جیھانییەکان و بە گۆرانی می گێنا ناوبانگێکی جیھانی پەیدا کرد کە گۆرانییەکی میکسی ئەرمەنی و ئینگلیزییە، لەنێو کوردستان دەنگدانەوەی دروستکرد و ھەوادارێکی زۆری ھەیە.

ھ.م