فیلمی" 16/03" خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لە بەریتانیا بردەوە

دەرهێنەرێکی کورد ئازارەکانی هەڵەبجە دەخاتە سەر شاشەی سینەما جیهانییەکان

K24 – هه‌ولێر:

‎فیلمی "16/03" لەبارەی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد ‌هەڵمەت سەڵاح ناسراو بە دانی دارێن، خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بردەوە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 27/03/2019، خەڵاتەکانی فیلمی نەتەوەیی  National Film Awards لە لەندەن دابەشکران و فیلمی "16/03" خەڵاتی باشترین سیناریۆ "Screenplay"ی بۆ ساڵی 2019 پێبەخشرا.

دەرهێنەری کورد دانی دارین خەڵکی گوندی کەڵکانی سەر بە قەزای پشدەرە، دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە و تاکو ئێستاش 22 خەڵاتی جیاوازی بردووەتەوە.

"16/03" باس لە نیشانشکێنێکی کورد (قەناس بەدەست) دەکات کە بەهۆی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، تەواوی خێزانەکەی لەدەست دەدات و روو دەکاتە وڵاتی بەریتانیا؛ لەوێش لە کارێکی تیرۆرستیەوە دەگلێ.

هەڵمەت سەڵاح لە ساڵی 1980 لە گوندی کەڵکان لە دایکبووە و لە ساڵی 2002 هەرێمی کوردستانی بەرەو بەریتانیا بەجێهێشتووە، لەوێ پەرەی بە بواری سینەما داوە و لە رێگای بەرهەمەکانی ئازاری نەتەوەکەی نیشان دەدات.

H.J