بۆچی ئەو گۆرانیانەی لەتەمەنی گەنجی گوێیان لێدەگرین لەبیرمان ناچن؟

پیریی چۆن هەستی مۆسیقامان دەگۆڕێت؟

K24 – هه‌ولێر:

کاتێک بیر لە سەردەمی گەنجیت دەکەیتەوە، مۆسیقا بەشێکی گەورەی یادگارییەکانتە، هەندێک گۆرانی دەتبەنەوە پۆلەکانی خوێندن و هەندێکی دیکەش هاوڕێ و خۆشەویستانت بیر دەخەنەوە.

خۆشویستنی گۆرانی و مۆسیقای سەردەمی گەنجیت تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەو کە بە گەنجی ئارەزوو و هەستی گۆرانیت زۆرتر بووە، بەڵکو هۆکاری خۆی هەیە.

پێگەی ئەلیکترۆنی بێزنس ئینسایندەر بە سوود وەرگرتن لە چەن راپرسی و توێژینەوەیەک ئاشکرایکردووە، مرۆڤ لە تەمەنی 12 بۆ 22 ساڵ مێشکی گۆڕنکاری گەورەی بەسەردا دێت، ئەمەش وادەکات کە بوونەورێکی زۆر هەستیار و هۆرمۆنیی بین، بۆیە ئەگەر گوێ لە گۆرانییەک بگرین کە خۆشمان دەوێت، ئەگەری زۆرە ئەو گۆرانییە لە یادگامان بمێنێتەوە.

مرۆڤ کاتێک گوێ لە گۆرانی و مۆسیقا دەگرێت، دەیەوێت بە جۆرێک هەڵبێت لەو ژیانەی کە تیایدا دەژیت، ئەمەش زۆر زیاتر روودەدات کاتێک توڕە، خەمبار و هەستێکی زۆرمان هەیە.

لە تەمەنی گەنجیشدا، بە چەندین پەیوەندی سۆزداریی، شکست و بەدەستهێناندا تێدەپەڕین چونکە بەگوێرەی زانستی سایکۆلۆجی، مرۆڤ لە دێر زەمانەوە لە سەردەمی هەرزەکاریی و گەنجیدا دەچێتە قۆناخی ناساندنی خۆی و پەیداکردنی کەسێکی خۆشەویست و نزیک، مۆسیقاش هاوڕێی سەرەکی مرۆڤە لەو رووداوە پڕ هەستانەی لە گەنجی و هەرزەکارییدا بەسەری دێن.

توێژینەوەکان ئەوەش دەردەخەن، مرۆڤ کاتێک تەمەنی دەگاتە 30 ساڵ، ئیدی بۆی ئەستەمە خوو بە گۆرانی نوێوە بگرێت، بەڵکو هەر لەگەڵ ئەو گۆرانیانە دەژیت کە سەردەمێک فرمێسکیان پێڕشتووە، یاخود بۆ یادی شوێن و کەسێک هێناویانەتە سەما.

H.J