ئه‌یاد عه‌لاوی خانمه بێژه‌رێك ده‌كاته پیاو
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌یاد عه‌لاوی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "الحرة" ژنه بێژه‌رێك ده‌كاته پیاو و به "اخی الكریم" ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌یاد عه‌لاوی، له به‌رنامه‌ی "العراق الیوم"ی كه‌ناڵه‌كه له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه میوانداری كراوه و له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌می پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، كه خانمه راگه‌یاندنكار "زینه سه‌لیم"ه، به "اخی الكریم" ده‌ستپێده‌كات.
له ته‌واوی به‌رنامه‌كه‌دا، عه‌لاوی، هه‌ر وا تێگه‌یشتبوو كه بێژه‌ره‌كه پیاوه و چه‌ند جارێكیش ئه‌و وشه و ده‌سته‌واژانه‌ی به‌رامبه‌ر به بێژه‌ره‌كه به‌كاریهێناوه، له زمانی عه‌ره‌بی بۆ پیاوانه، نه‌ك ژنان.
دواتریش نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌یاد عه‌لاوی، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا به فه‌رمی داوای لێبوردنی له كه‌ناڵی "الحرة" كرد و رایگه‌یاند، جێگری سه‌رۆك كۆمار له كاتی قسه‌كردندا هیچ شاشه‌یه‌كی له‌به‌رده‌مدا نه‌بووه و ته‌نها به بیستۆكێكی بچووك گوێبیستی قسه‌كانی بێژه‌ره‌كه بووه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه ئه‌و ده‌نگه‌ی عه‌لاوی گوێبیستی بووه، هاوشێوه‌ی ده‌نگی پیاوان بووه نه‌ك ژنان، بۆیه له ده‌ستپێكدا ده‌ڵێت: "اخی الكریم" و له ته‌واوی به‌رنامه‌كه‌ش، ده‌سته‌واژه‌ی پیاوانه بۆ خانمه پێشكه‌شكاره‌كه به‌كارده‌هێنێت.