بهڤیدیۆ.. کەویار لە نیوە شەوێکی جیاوازدا دەردەکەوێتەوە
K24- ههولێر:
وا بڕیارە بەمنزیکانە خانمە ھونەرمەندى كورد, "کەویار" بە بەرھەمێکی جیاوازەوە بێتەوە ناو ماڵی ھاووڵاتیان و عاشقانی ھونەری رەسەن و زیندوو، ھۆنراوەی گۆرانی "نیوەشەوی" کەویار یەکێکە لە ھۆنراوە جوانەکانی ژەنڕاڵی پایز، محمد عومەر عوسمان کە لە دیوانی (لە غوربەتا) بڵاوکراوەتەوە.
ئەم ھۆنراوەیە لە لایەن مامۆستای هونهر، عەدنان کەریمەوە ئاوازێکی جوانی بە بەرداکراوە، کە لەسەر پەیژەی موزیکی (نەھاوەند)ە.
تۆمارکردن، میکس، ماستەرینگ: لەلایەن عەلی عەتاوه ئەنجام دراوە و کاری دروستکردن و ئامادەکردنی موزیکی ئەم بەرھەمە لە لایەن ھونەرمەند ڕێبین سالارەوە ئەنجام دراوە، کە میوزیکەکە رەنگدانەوەی ھۆنراوەکەیە، وێنەی ھۆنراوەکە لە ئاواز و میوزیکەکەدا بەدی دەکرێت. كاری وێنەگرتنی ڤیدیۆ كلیپەكە لەلایەن رێباز مۆتابچی بۆدەكرێ.
ئارام حەسەنیش كه کاری دەرھێنان بۆ کلیپی گۆرانی نیوە شەو دەکات، دهڵێت: "کاری دیزاینی دیکۆر لەلایەن رۆز محەمەد ئەنجام دراوە، ھەر بۆیە ھەموو بەشێکی سیناریۆکە بۆ من گرنگی خۆی ھەبووە و دەبوو ئەو دیزاین و رەنگەی ھەڵدەبژێرم بۆ سیناریۆکە گونجاوبێت و لەھەمان کاتدا رەنگدانەوەی ئەو وێناکردنە بێت، کە لە کاتی گوێبیست بوون لە گۆرانیەکە و خوێندنەوەی سیناریۆکەدا لە زەینمدا دروست دەبوو".
ئارام حهسهن لە بارەی کارکردنی لەگەڵ خانمە ھونەرمەند کەویار باسی ئهوهش دهكات: "گومان لەوەدانییە بیرکردنەوە لە بینین و ھەڵبژاردنەکان لە ئایدیای ھونەرمەند و خانمان جیاوازترە، بۆ ئەمکارەش ئێمە سودمان لەم دوو بینینە وەرگرتووە. لەبەر ئەوەش ھیچکام لە ماڵ و لۆکەیشنی ئامادەکراوە نەدەگونجا، لۆکەیشنێکمان لەسەر ئەو دیزاینەی کە دامان نابوو دروستمانکردوە".
سهبارهت به ووردەکاری کارە ھونەریەکە و ھەڵبژاردنی رەنگەکان دهرهێنهری كلیپهكه گوتی: "رەنگە ساردەکان ھەڵبژێردراوە لە ھەمان کاتدا رەنگێکی دیار و کەمتر بەکار ھاتوو، چونکە لە کارەکەدا شەوێکی سارد و کچێکی تەنیا پیشان دەدریت".
ئارام نایشارێتەوە کە "گونجان و تێگەشتنی خاتوونی ھونەرمەندی لاو کەویار لە تەواوی کارەکە و دیزاینەکان بۆ ئەوان گرنگ بووە، چونکە رەنگە ھەموو ھونەرمەندێک ئەو ئامادەییە تیانەبێت بیەوێت لە کلیپێکیدا بە جلوبەرگێکی زۆر دیار، مایکەپێکی جیاواز، ستایلی جلو بەرگ و قژێکی جیاواز دەربکەوێت، بەلام لەم کارەدا دەبوو خاتوو کەویار ئەو جلە سادانە لەڕووی رەنگ و دیزانهوه بپۆشێت، کە بۆی دیاریكرابوو و بە بێ مەیکەپی جوانکاری و قژێکی چاکراو بێتە بەردەم کامێرا".
لە ئێستادا کاری مۆنتاژی ڤیدیۆ کلیپی "نیوە شەو"ی کەویار بەردەوامی ھەیە و، بڕیاره بەم نزیكانه بینەران و عاشقانی ھونەری ڕەسەنی کوردی پێی ئاشنا ببن و چاوهڕێش دهكرێت بینەرێکی باشی ھەبێت.
H.B