زیاتر لە 100 فیلم لە سلێمانی نمایش دەكرێن

سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەڕێوەدەچێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

به‌ ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە سینەماکاران و هونەرمەندان سێیەمین فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلم له‌ سلێمانى‌دەستیپێكردووە، کە له‌ هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر لە 100 فیلمى بیانى و کوردى نمایش دەکرێن، ئامانجى  فێستیڤاڵەکەش بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى سینەمایە لە هەرێمى کوردستان و ئاشناکردنى هونەرمەندانى  بیانیە بە سینه‌ماى کوردى.

سێیەمین فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلم له‌ سلێمانى، بە نمایش کردنى چەندین فیلمى درێژ، کورتە فیلم، دیکۆمێنتارى، فیلمى مناڵان و ئەنیمەیشن بەڕێوە دەچێت، فێستیڤاڵەکە لە سێیەمین ساڵیدا گرنگى زیاترى دەوا بە رۆڵى  ژنان و سیمبولى ژنیش بووەتە هەڵگرى فێستیڤاڵەکە و بەشێکى دیارى فلیمە سەرەکییەکان ئەو فیلمانەن، کە ژنان رۆڵى سەرەکیان تێدا بینیوە.

دایه‌ ئافتاو، یەكێكە لە ئەكتەرە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵ، ئەو باس لەوە دەكات پێشتر ئاشناییەکى زۆریان نەبووە لە گەڵ سینەمادا، بەڵام لە دواى ئەوەى لەلایەن دەرهێنەرێکەوە هەڵبژێردراون بۆ رۆڵ بینین لە چەند فیلمێکدا ئێستا ئەوان لە شاخەکانى هەورامانى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە هاتوون بۆ ئەوەى بەشدارى لەو فێستیڤاڵەدا بکەن.

لە فیستیڤاڵەکە 120 فیلم لە 50 وڵاتى جیاوازەوە بەشدارى پێکراوە، جگە لەوەى بووەتە ناوەندێك بۆ نمایشکردنى  فیلمى دەرهێنەرە کوردەکانیش تاوەکو لەو رێگایەوە بەرهەمەکانیان نمایش بکەن و  ئاستى وەبەرهێنانى فیلم لە هەرێمى کوردستان بەرەو پێشببرێت.

سێیەمین فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى سلێمانى لە 10/10/2018 دەستیپێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام دەبێت ئەمساڵ جیاوازتر، لە ساڵانى دیكە توانراوە میواندارى دەرهێنەرە بیانییەکان بکرێت بۆ ناو فێستیڤاڵەکە، ئەمەش وادەکات جگە لە ئامانجى نمایشکردنى فیلم بتوانرێت ببێتە پردێکیش لە نێوان دەرهێنەر و ئەکتەرە کوردەکان لەگەڵ فیلمسازە بیانییەکان.

ھ.م