فیلمێکی کوردی بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەکان دەکات

"باشترین خه‌ڵات" كێبڕكێی فیلمه‌ بیانییه‌كان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

کورتە فیلمی سینەمایی کوردی (باشترین خەڵات) لەدەرهێنانی واحید کفری بەشداری لەچەند فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا دەکات.

دەرهێنەر واحید کفری بە کوردستان 24 راگەیاند، کورتە فیلمی سینەمایی کوردی (باشرین خەڵات) لەم مانگەدا بەشداری فیستیڤاڵەکانی، النهج، واسط، دیالە، دەکات، لەمانگی چواریش به‌شداری لە فیستیڤاڵی کاردیف ده‌كات لە بەریتانیا.

گوتیشی:" فیلمەكه‌ نۆ خووله‌كه‌ و باس لە بەخشینی خەڵاتێکە کە دەرهێنەرکە لە فیستیڤاڵێکی بەغدا بەدستیهێناوە، لەرێگەی گەڕانەوە بۆ کوردستان دەبەخشێتە ژن و منداڵیک، دواتر دەکەونە بۆسەی چەکدارانی داعش لەناو جانتای ژنەکە دەریدەهێنن دەڵێن ئەمە حەرامە خەڵاتە دەشکێنن و دەیاندەنە بەر دەستڕێژی گوڵە".

فیلمی باشترین خەڵات، لە دەوروبەری کفری کاری وێنەگرتنی بۆکراوە و ساڵی 2017 لەسەر بودجەی بەرێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەرهەمهاتووە، لە چەندین فیستیڤاڵی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی جۆراو جۆری بەدەستهێناوە.

 

أ. م