ھەولێر.. ھونەرمەند جەمال ھیدایەت رێزی لێگیرا

جەمال ھیدایەت: بەو رێزلێنانە وا ھەستدەكەم ھەڵ و ماندووبوونم بە ھەدەر نەڕۆیشتووە
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لە سێيەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی كوردستان فۆتۆدا، ھونەرمەند جەمال ھیدایەت, دامەزرێنەری تیپی ھونەری ھەولێر, رێزی لێگیراو ژماره‌یەك چالاكی ھونەری ديكه‌، بەم بۆنەیەوە پێشكه‌شكرا.

دوایی نیو سەدە  خزمەت لە بواری ھونەر و موزیك، ھونەرمەند جەمال ھیدایەت داھێنەر و دامەزرێنەری تیپە ھونەريیەكانی دەرسیم و ھەولێر، لەلایەن رێكخراوی كوردستان فۆتۆ رێز لە تەمەن و ئەزموونى گیرا، ئەو دەڵێت بەو رێزلێنانە وا ھەستدەكەم ھەڵ و ماندووبوونم بە ھەدەر نەڕۆیشتووە.

مەراسیمەكە لە سێيەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا لەلایەن رێكخراوی كوردستان فۆتۆ رێكخرابوو، ھاوكات پێشانگایەكی ھاوبەشی فۆتۆگرافی  نمایشكراو چەندین پارچە موزیك و گۆرانی كوردی پێشكەشكرا.

رێكخراوی كوردستان فۆتۆ، ساڵی 2015 لە ھەولێر دامەزراوە، لە سەر ئاستی چوار پارچەى كوردستان 400 ئەندامی ھەیە و لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان لقی ھەیە، لە ناوەوه‌ و دەرەوەی كوردستان چالاكیی ھونەری ئەنجامداوە.