نەوتی عێراق: 70 بۆ 75 دۆلار نرخێکی گونجاوە بۆ بەرمێلێک نەوت

عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند 70 بۆ 75 دۆلاری ئەمریکی نرخێکی دادپەروەرانەیە بۆ بەرمێلێک نەوت.

عادل عەبدولمەهدی لە کۆبوونەوەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپیک) لە ڤییەننا، راشیگەیاند: "دوای ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2015 زۆر زیادی کرد، لە ساڵی 2016 رێژەی نێوەندیی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق رۆژانە دەگاتە 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت".

وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی: "ئێران مافی خۆیەتی دوای نەهێشتنی گەمارۆکانی رۆژئاوا لەسەری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی زیاتر بکات".

ئەمە لە کاتێکدایە عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق پێشتر رایگەیاند کە: ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی یازدەی ساڵی 2015 گەیشتە نزیکەی 100ملیۆن و 945 هەزار و 867 بەرمیل.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت کە یەکێکە لە باشترین جۆری نەوت لە جیهان ئێستا لە نزیکەی 44 دۆلاری ئەمریکییە.

K24: Reuters