له‌ مه‌ككه‌ پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ترين هۆتێلى جيهان ته‌واوده‌كرێت

له‌ 2015ه‌وه‌ به‌ هۆى فشارى دارايى سه‌ر عه‌ره‌بستان كاركردن تێيدا راگيرابوو.

K24 – هه‌ولێر:

عه‌ره‌بستانى سعووديه‌ ده‌ستيكرده‌وه‌ به‌ ته‌واوكردنى پرۆژه‌ى گه‌وره‌ترين هۆتێلى جيهان، كه‌ له‌ شارى مه‌ككه‌ بنياتى ده‌نێت.

ئه‌و پرۆژه‌يه‌ له‌ 2015ه‌وه‌ به‌ هۆى فشارى دارايى سه‌ر عه‌ره‌بستان كاركردن تێيدا راگيرابوو.

پڕۆژه‌كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واو بێت نزيكه‌ى 10 هه‌زار ژوورى خه‌وتن له‌ خۆده‌گرێت و 70 چێشتخانه‌ى تێدايه‌ و چه‌ندين شوێنى بۆ نيشتنه‌وه‌ى هێليكۆپته‌ر تێدايه‌.

به‌شێكى هۆتێله‌كه‌ش تايبه‌ت كراوه‌ به‌ خێزانى پاشايه‌تى.

ئه‌و پرۆژه‌يه‌ به‌ ناوى تاوه‌ره‌كانى كيدى بنياتنراوه‌ و كۆى تێچوونى پرۆژه‌كه‌ 3 مليار و نيوه‌.

بڕياره‌ ساڵى داهاتوو ده‌رگاى هۆتێله‌كه‌ به‌ رووى ميوانه‌كانيدا بكرێته‌وه‌.

كۆمه‌ڵه‌ى بن لادن، پرۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌شى ده‌بێته‌ هۆى بووژاندنه‌وه‌ى كارى ئه‌و كۆمپانيايه‌ و هه‌ڵكشانى قازانجه‌كانى.

هۆتێله‌كه‌، چه‌ندين هۆڵى گه‌وره‌ى بۆ ئاهه‌نگگێڕان و بازار و سه‌نته‌رى كۆنگره‌كان و هۆڵى بۆنه‌كان و هه‌روه‌ها 12 تاوه‌رى نيشته‌جێبوونى تێدايه‌.