دارگوێزەكانی ھەورامان تووشی جۆرە نەخۆشیەك دەبن

لێكۆڵینەوە لە نەخۆشییەكە دەست پێدەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەورامان

بەهۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە ژمارەیەکی زۆر لە دارگوێزەکانی ناوچەی هەورامان وشك بوون و ئەوەش ترس و نیگەرانی لە ئاییندەی باخەکانیان لای جوتیارو خاوەن باخەکان درووستکردووە، بەڕێوەبەرایەتی کشتووکاڵ وئاودێری پارێزگای هەڵەبجە بۆ لێکۆڵینەوە لە سروشت و چۆنیەتی چارەسەری نەخۆشیەکە دوو تیمی رەوانەی ناوچەکە کردووە.

جوتیار و خاوەن باخەکانی هەورامان بە نەخۆشی دارگوێزەکانی هەورامان دەڵێن (لارەشە) بەزمانی باوی هەورامیەکان لارەشە واتە (شێرپەنجە)، نەخۆشیەکە لە ژێرتوێکڵی دارگوێزەکان سەرهەڵدەدات و ناوچە تووشبووەکە قاوەیی دواتر ڕەش هەڵئەگەرێت، پاشان دەبێتە هۆی وشكبوونی دارگوێزەکە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری پارێزگای هەڵەبجە، لە هەورامان 85 هەزار بن دارگوێز هەیە ، بەوەش هاورامان بە پلەی یەکەم دێت لەسەر ئاستی ھەڵەبجە و هەرێمی کوردستان و کاکڵە گوێزی هەورامان بە باشترین جۆری کاکڵە گوێز ئەژمار دەکرێت.